یاریگا –
کارلۆ ئانچێلۆتی هۆکاری گۆڕانکاری جود بێڵینگهامی لە گێمی دووەمی یاری شەوی رابردووی بەرامبەر بایرن میونشن، بۆ هۆکارێکی تەکنیکی گەڕاندەوە.
15 خولەک بەر لە کۆتایی یارییەکە، ئانچێلۆتی گۆڕانکاری بە بێڵینگهام کرد، سەرەڕای ئەوەی مەدرید بە گۆڵێک لە دواوە بوو. هەرچەندە بێڵی یەکێکە لە دیارترین یاریزانانی ئەم وەرزەی کەتیبەکەی ئانچێلۆتی (21 گۆڵ، 10 ئەسیست، 36 یاری) بەڵام بە هۆی ماندووبوونەوە گۆڕانکاری پێکرا.
ئانچێلۆتی لەبارەی گۆڕانکارییەکە روونیکردەوە
جود بێڵینگهام لە باشترین شەوی خۆیدا نەبوو، نەک تەنیا ئەو، بەڵکو تەواوی تیمەکە بەمشێوەیە بوو. دوای تێپەڕینی 60 خولەک، هەندێ ماسوولکەی بێڵینگهام گرژبوون، بۆیە گۆڕانکاریم پێکرد.
ئەستێرە ئینگلیزییەکە بەهۆی ئازاری گەدەوە، بەشداری لە یاری رابردووی مەدرید لە لالیگا لە بەرامبەر ریال سۆسیداد نەکرد، بەڵام هاوڕێیانی بێڵینگهام بە سێ خاڵی گرنگ لە سان سێباستیان گەڕانەوە.
تەنیا هەشت رۆژ بۆ یاری گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی لە بەرامبەر میونشن ماوە، بۆیە پێشبینی پێدانی پشووی زیاتر بە جود دەکرێت و رەنگە بەشداری لە یاری داهاتووییان لە لالیگا بەرامبەر کادیز نەکات.
مەدرید بە جیاوازی 11 خاڵ لە پلەی یەکەمی لالیگادایە، بۆیە ئانچێلۆتی دەرفەتی پێدانی پشووی بە زۆربەی ئەستێرەکانی هەیە.