پلانی چاڤی بۆ گواستنەوەی یاریزانان؛ ئەو بەڵێنانەی لاپۆرتا بە چاڤی داون بۆ ئەوەی لە بارسێلۆنا بمێنێتەوە
یاریگا –
بۆ مانەوەی لە بارسێلۆنا لاپۆرتا چەند بەڵێنێکی بە چاوڤی داوە و ئەو راهێنەرە ئیسپانییەش لە ئێستاوە دەیەوێت لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان بە گواستنەوەی چەند یاریزانێک تیپەکەی بەهێزتر بکات.
چاڤی بڕیاریداوە تا کۆتایی گرێبەستەکەی لە بارسێلۆنا بمێنێتەوە کە هاوینی 2025 کۆتایی دێت، لەکاتێکدا سەرەتای ئەمساڵ رایگەیاند کۆتایی ئەم وەرزە واز لە راهێنەرایەتی یانەکە دەهێنێت.
ئەو بەڵێنانە چین لاپۆرتا بۆ پاشگەزکردنەوەی بە چاڤی داون؟
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی ناوەڕۆکی ئەو بەڵێنانەی ئاشکراکردووە کە خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا بە چاڤی هێرناندێزی داوە، بۆ ئەوەی لە راهێنەرایەتیکردنی یانەکە بەردەوام بێت و لە بڕیاری رۆیشتنی پاشگەز بێتەوە.
لاپۆرتا بەڵێنی بە چاڤی داوە لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان بە کڕینی چەند یاریزانێکی نوێ تیپەکەی بەهێز بکات و لە هێلی بەرگری و ناوەڕاست و هێرشبەر یاریزانی نوێێ بۆ بگوازێتەوە، بەڵێنی بە راهێنەرەکەی بلاوگراناش داوە جواو کانسێلۆ بەرگریکاری پۆرتوگاڵی لە یانەکە بهێڵێتەوە کە بە خواستن لە مانچێستەر سیتییەوە روویکردووەتە ریزەکانی یانە کەتەلۆنییەکە و کۆتایی ئەم وەرزە گرێبەستەکەی کۆتایی دێت.
لاپۆرتا بەڵێنی بە چاڤی داوە دۆخی دارایی یانەکە چارەسەر بکات و بە یەکلاکردنەوەی گرێبەستی نایکی بە زووترین کات گەنجینەی یانەکە پڕبکاتەوە و چیدیکە خراپی دۆخی دارایی نەبێتە بەربەست لە بەردەم یانەکە.
دیکۆ و چاڤی پلانیان بۆ بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان چییە؟
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی لە ژمارەی ئەمڕۆ شەممە (27ـی ئەپرێل/نیسانی 2024) رایگەیاندووە، دیکۆ بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا لەگەڵ چاڤی هێرناندێز راهێنەری یانەکە لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان بەگوێرەی ئەو بەڵێنانەی لاپۆرتا پێیداون، دوو بۆ سێ یاریزانی نوێ دەگوازنەوە بارسا.
چاڤی و دیکۆ پێیانوایە بارسێلۆنا بۆ وەرزی داهاتوو پێویستی بە ناوەڕاستکارێک و یاریسازێک و باڵێکی چەپ دەبێت، گواستنەوەی ناوەڕاستکارێکی چەق لەپێشینەی کارەکانی بارسا دەبێت، چاڤی دەیەوێت لە نێوان زوبیمێندی و کیمیچ یەکێکیان بگوازێتەوە، بەڵام دیکۆ بۆچوونێکی دیکەی هەیە و پێیوایە لە نێوان ئۆنانا و ئەلێکس گارسیا یەکێکیان بگوازنەوە باشترە.
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی دیکۆ، گواستنەوەی باڵێکی چەپ زۆر پێویستە، هەریەکە لە کڤاراتسخێلیا، میتۆما، مارتینێلی، سانێ و نیکۆ ویلیامز لە دیارترین ئەو بەربژێرانەن دیکۆ پێی گونجاوە درێسی بارسا بپۆشن.
رۆژنامەی سپۆرت ئاشکرایکردووە، چاڤی نایەوێت بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری ئاراخۆ بێت، بەڵام مانەوەی دی یۆنگ و رافینیا و لیڤاندۆڤسکی لە یانەکە مسۆگەر نییە.