کوردستانگرنگترین

یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان یانەی هەریری بە توندی سزادا

یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و چەندین بڕیاری لە سەر کێشەو گرفتەکانی ئەم دواییەی خولی پلە دووی کوردستان دەرکرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 24 \ 4 \ 2024 لێژنەی ڕێککاری و سزادان لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە شێوەی ئۆنڵاین ئەنجامدا کە تیایدا چەندین بڕیاری قورسی بە سەر یانەی هەریر دا سەپاند دوای شەڕ و ئاژاوەکانی ئەم دواییەی یاری نێوان یانەی ئاسۆ و یانەی هەریر لە گەڕی شەشەمی خولی پلە دووی کوردستان، سەرجەم بڕیار و ڕاسپاردەکانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان:

1_ لە یاری نێوان یانەی مەخمور و یانەی خەلیفان لە گەڕی پێنجەمی خولی پلە دوی کوردستان، بە هۆی دەرچوون لە گیانی وەرزشی و هێرشکردنە سەر ناوبژیوان بڕیار درا بە ڕاگرتنی ( عومەر جەمیل ) گۆڵپارێزی یانەی مەخمور بۆ 3 یاری و پێبژاردنی بە بڕی 500000 پێنج سەد هەزار دینار.

2_ سەبارەت بە یاری نێوان یانەی ئاسۆ و یانەی هەریر لە گەڕی شەشەمی خولی پلە دووی کوردستان:

آ_ بە هۆی هێرشکردنە سەر ناوبژیوان و بەکارهێنانی وتەی نەشیاو و لێدانی جەستەیی، بڕیار درا بە مامەڵە نەکردن لەگەڵ سەرۆک و سکرتێری یانەی هەریر بۆ ماوەی 1 ساڵ و ئاڕاستەکردنی نوسراوێک بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش بۆ ئەم مەبەستە.

ب_ بە هۆی هێرشکردنە سەر ناوبژیوان و نواندنی ڕەفتاری دوور لە گیانی وەرزشی و لێدانی جەستەیی، بڕیار درا بە ڕاگرتنی یاریزان ( سەمەد سەفەر ) ژمارە (21) لە یانەی هەریر تا کۆتایی ئەم وەرزە و بۆ دوو وەرزی داهاتووش 2024 _ 2025 و 2025 _ 2026.

ج_ بە هۆی هێرشکردنە سەر ناوبژیوان و نواندنی ڕەفتاری دوور لە گیانی وەرزشی ، بڕیار درا بە ڕاگرتنی یاریزان ( محەمەد هاشم ) ژمارە (30) لە یانەی هەریر تا کۆتایی ئەم وەرزە و وەرزی داهاتووش 2024 _ 2025.

د_ گواستنەوەی یارییەکانی ئەم وەرزە و سەرجەم یارییەکانی دوو وەرزی داهاتووی 2024 _ 2025 هەروەها 2025 _ 2026ـی یانەی هەریر بۆ دەرەوەی یاریگای خۆی و بەبێ ئامادەبوونی هاندەر.

ھ_ پێبژاردنی یانەی هەریر بە بڕی 2000000 دوو ملیۆن دینار.

و_ بە هۆی دەرچوون لە ڕێنمایەکانی یاری بڕیار درا بە ڕاگرتنی ( ئەحمەد عەبدوڵا ) یاریدەدەری یەکەم تا کۆتایی ئەم وەرزە.

3_ بە هۆی دەرچوون لە گیانی وەرزشی لە یاری نێوان یانەی خەلیفان و یانەی حاجیاوا لە گەڕی شەشەمی خولی پلە دووی کوردستان، بڕیار درا بە ڕاگرتنی ( بەشدار ئیسماعیل ) تا کۆتایی ئەم وەرزە و پێبژاردنی بە بڕی 500000 پێنج سەد هەزار دینار.

4_سەبارەت بە یاری نێوان یانەی بەردەڕەش و یانەی مەخمور لە گەڕی شەشەمی خولی پلە دووی کوردستان :

آ _ بە هۆی بەکارهێنانی وتەی نەشیاو بەرامبەر ناوبژیوان لەلایەن و سەرۆک و ئەندامانی یانەی مەخمور، بڕیار درا بە پێبژاردنی یانەی مەخمور بە بڕی 500000 پێنج سەد هەزار دینار و لە ئەگەری دووبارە بوونەوەی سزاکان تووندتر دەبن.

ب_ ئاگادار کردنەوەی کۆتایی یانەی مەخمور بە کۆنتڕۆڵکردنی هاندەرانی بە پێچەوانەوە تووشی سزا دەبن.

ج_ ئاگادار کردنەوەی یانەی بەردەڕەش بە ئامادەکردنی 8 تۆپ لە نێو یاریگا لە یارییەکانیاندا، بە پێچەوانەوە تووشی سزا دەبن.

5_ بە هۆی هێرشکردنی بۆ سەر یاریدەدەری ڕاهێنەری یانەی شارەزوور لە یاری نێوان یانەی سنوور و یانەی شارەزوور لە گەڕی شەشەمی خولی پلە دووی کوردستان، بڕیار درا بە ڕاگرتنی ( عومەر ڕەشید ) یاریدەدەری ڕاهێنەری یانەی سنوور بۆ تەواوی یارییەکانی ئەم وەرزە و دوو وەرزی داهاتوو 2024 _ 2025 هەروەها 2025 _ 2026، پێبژاردنی بە بڕی 1000000 یەک ملیۆن دینار.

 

 

Back to top button