کوردستان

یارییەکانی یانەی ڕانیە و شەقڵاوە بەبێ ئامادەبوونی هاندەر دەکرێت

لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا ئەمڕۆ یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ڕۆژی 25ـی ئەم مانگەی وەک وادەی دەسپێکی خولی ژێر 20 ساڵانی کوردستان دیاریکرد.

ئەمڕۆ شەممە 6\4\2024 بە ئامادەبوونی سەرۆک و جێگر و سکرتێر و سەرجەم ئەندامانی، یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا کە تیایدا چەند بڕیار و ڕاسپاردەیەکی تازەی دەرکرد، بە هۆی گرژی و ئاڵۆزیەکانی یاری نێوان یانەی ڕانیە و یانەی چوارقوڕنە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریدا سزای یانەی ڕانیە بدات و سێ یاری لە دەرەوەی یاریگای خۆی یاری بکات، لە کۆبوونەوەکە بڕیار لە سەر ئاڵۆزیەکانی یاری نێوان یانەی شەقڵاوە و یانەی دهۆکیش درا کە یاری نێوان یانەی شەقڵاوە و سۆران لە کۆتا گەڕی خولی نایابی کوردستان بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوە دەچێت، سەرجەم بڕیار و ڕاسپاردەکانی ئەمڕۆی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان:

1_ خولی ژێر 20 ساڵانی نایابی کوردستان لە 25 \ 4 \ 2024 بەڕێوە دەچێت، پێویستە لە سەر یانە بەشدار بووەکان تاوەکو 18 \ 4 \ 2024 لیستی ناوی یاریزانەکان ( کشوفات ) بۆ ئیمێڵی ( [email protected] ) لیژنەی پێشبڕکێکان بنێرن .
یانە بەشدار بووەکانی خولی ژێر 20 ساڵانی نایابی کوردستان ( هەندرێن ، ئاڕاڕات ، بەردەڕەش ، سیروانی نوێ ، شێروانە ، سیروانی هەڵەبجە ، شۆڕجە ، خاک ) .

2_ ڕێگە درا بە هەردوو یاریزان ( ڕەهەند بورهان حەسەن ، ڕاستی ستار ئەنوەر ) یاری بۆ یانەی سیروانی نوێ بکەن لە خولی ژێر 20 ساڵانی نایابی کوردستان.

3_بە هۆی هێرشکردنە سەر ناوبژیوان لە یاری نێوان یانەی سیروانی نوێ و یانەی سەید سادق لە گەڕی 26ـی خولی نایابی کوردستان، بڕیار درا بە مامەڵە نەکردنی کارگێڕی لەگەڵ ( تەیوب ڕەشید ) سەرۆکی یانەی سەید سادق بۆ ماوەی یەک ساڵ و ئامادە نەبوونی لە نێو یاریگا و یاوەری نەکردنی تیپەکەی لەو ماوەیەدا، ئاڕاستەکردنی نوسراوێک بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش بۆ ئەم مەبەستە.

4_ بۆ هیج ڕاهێنەرێکی خولەکانی کوردستان نیە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەندامانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ٨یان ناوبژیوانان یاخود لێژنەی ناوبژیوانان بکات، بە پێچەوانەوە تووشی سزای تووند دەبن.

5_ بانگهێشتکردنی ( فەتحی قەرەنی ) ڕاهێنەری یانەی زانکۆی جیهان بە ئامادەبوونی لە بارەگای یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ڕۆژی دووشەممە 8 \ 4 \ 2024 کاتژمێر 3ـی ئێوارە.

6_ بە هۆی پابەند نەبوونی بە ڕێنمایەکانی سەرپەرشتیاری یاری، بڕیاردرا بە ڕاگرتنی ناوبژیوان ( هەردی فاتح ) بۆ ماوەی یەک مانگ.

7_ ئاگادارکردنەوەی یانەی ئاکرێ بە چاککردنی پەرژین ( سیاج)ـی دەوری یاریگا .

8_ بەهۆی شەڕ و ئاژاوەی هاندەرانی لە یاری نێوان یانەی ڕانیە و یانەی چوارقوڕنە لە گەڕی 27ـی خولی نایابی کوردستان و دووبارە بوونەوەی ئەم ئاژاوانە ، بڕیاردرا بە گواستنەوەی 3 یاری لە یارییەکانی یانەی ڕانیە بۆ دەرەوەی یاریگای خۆی بەبێ ئامادەبوونی هاندەر، یەک یاری بۆ ئەم وەرزە و 2 یاریش بۆ وەرزی 2024 _ 2025.

9_ بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاری نێوان یانەی زاخۆ و یانەی ئاڕاڕات لە گەڕی 27ـی خولی نایابی کوردستان، بڕیار درا بە پێبژاردنی ( محەمەد یوسف ) ڕاهێنەری یانەی زاخۆ بە بڕی 250000 دووسەد و پەنجا هەزار دینار.

10_ بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور و بە کارهێنانی ووتەی نەشیاو لە یاری نێوان یانەی دەربەندیخان و یانەی برایەتی لە گەڕی 27ـی خولی نایابی کوردستان ، بڕیار درا بە ڕاگرتنی ( سیروان عەبدولڕەحمان ) یاریدەدەری ڕاهێنەری یانەی دەربەندیخان تا کۆتایی خول و پێبژاردنی بە بڕی 500000 پێنج سەد هەزار دینار.

11_ بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاری نێوان یانەی چوارقوڕنە و یانەی زاخۆ لە گەڕی 28ـی خولی نایابی کوردستان، بڕیار درا بە پێبژاردنی ( ڕەمزی ساڵح ) ڕاهێنەری یانەی چوارقوڕنە بە بڕی 250000 دووسەد و پەنجا هەزار دینار.

12_ سەبارەت بە یاری نێوان یانەی شەقڵاوە و یانەی دهۆک لە گەڕی 28ـی خولی نایابی کوردستان :

آ_ بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور بڕیار درا بە پێبژاردنی ( ئەحمەد سەردار) سەرپەرشتیاری یانەی دهۆک بە بڕی 250000 دووسەد و پەنجا هەزار دینار.

ب_ بە هۆی ئاژاوەگێڕی هاندەرانی یانەی شەقڵاوە بڕیار درا یاری نێوان یانەی شەقڵاوە و یانەی سۆران لە گەڕی کۆتایی خولی نایابی کوردستان بەبێ ئامادەبوونی هاندەر بەڕێوەبچێت.

13_ ئاگادار کردنەوەی کۆتایی بۆ یانەی خەبات بە کۆنتڕۆڵکردنی هاندەرانی، بە پێچەوانەوە تووشی سزای تووند دەبن.

14_ بە هۆی دەرچوون لە گیانی وەرزشی لە یاری نێوان یانەی زانکۆی جیهان و یانەی شیلادزێ لە گەڕی دووەمی قۆناغی دووەمی خولی پلە دووی کوردستان، بڕیار درا بە پێبژاردنی ( کارزان کانەبی) سەرپەرشتیاری یانەی زانکۆی جیهان بە بڕی 500000 پێنج سەد هەزار دینار و ڕاگرتنی بۆ 2 یاری.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button