یاریگا –
کانسێلۆ لەپێناوی پۆشینی درێسدی بارسێلۆنا قوربانییەکی گەورەی داوە و لە بەشێکی مووچەکەی خۆش بووە، بەبێ ئەوەی هیچ گەرەنتییەک هەبێت وەریبگرێتەوە.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، هاوینی رابردوو کاتێک بارسێلۆنا هەریەکە لە جواو کانسێلۆ و جواو فێلیکسی بردە ریزەکانی، کێشەی پابەندبوونی بە یاسای دارایی خاوێن هەبوو، هەربۆیە کانسیلۆ تەنیا لەپێناوی ئەوەی یاریی بۆ بارسێلۆنا بکات رازی بووە لە بەشێکی مووچەکەی خۆش بێت.
رۆژنامە کەتەلۆنییەکە ئاشکرایکردووە، کانسێلۆ کە مووچەی ساڵانەی 12 ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆیە رازی بووە لە دوو ملیۆن یۆرۆی مووچەکەی خۆشبێت، لەپێناوی ئەوەی درێسی بارسێلۆنا بپۆشێت، لەکاتێکدا لەناو گرێبەستەکەی هیچ گەرەنتییەکی پێنەدراوە ئەو بڕە پارەیەی پێبدرێتەوە.
بەگوێرەی رۆژنامە کەتەلۆنییەکە، کانسێلۆ کە ئێستا بە خواستن یاریی بۆ بارسێلۆنا دەکات، نایەوێت بگەڕێتەوە ریزەکانی مانچێستەر سیتی و دەیەوێت هەر لە بلاوگرانا بەردەوام بێت، گرێبەستەکەی بکرێتە هەمیشەیی یان ماوەی خواستنەکەی درێژ بکرێتەوە.