ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

چاڤی لە بڕیاری وازهێنانی لە راهێنەرایەتی بارسێلۆنا پاشگەز دەبێتەوە؟

Yariga App

یاریگا –

بەرپرسانی بارسێلۆنا دڵنیان لەوەی چاڤی لە بڕیاری وازهێنانی لە راهێنەرایەتیکردنی بارسێلۆنا پاشگەز دەبێتەوە و وەرزی داهاتووش لە یانەکە بەردەوام دەبێت.

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی دڵنیایە لەوەی کۆتایی ئەم وەرزە چاڤی هێرناندێز لە بڕیاری وازهێنانی لە راهێنەرایەتیکردنی بارسێلۆنا پەشیمان دەبێتەوە، کە سەرەتای ئەمساڵ راهێنەرە کەتەلۆنییەکە رایگەیاند کۆتایی ئەم وەرزە دەست لە راهێنەرایەتی یانەکە دەکێشێتەوە.

رۆژنامە کەتەلۆنییەکە رایگەیاندووە، خوان لاپۆرتا پێیوایە ئەگەر بارسێلۆنا لەم وەرزە یەکێک لە نازناوەکانی لالیگا یان چامپیۆنزلیگ بباتەوە، یان تا کۆتایی وەرز لەسەر کێبڕکێکردنی بەدەستهێنانی هەردوو نازناوەکە بەردەوام بێت، ئەوا چاڤی رازی دەبێت لە راهێنەرایەتی بارسا بەردەوام بێت.

Image

چاڤی بۆ مانەوەی مەرجی هەیە

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاشکرایکردووە، چاڤی بۆ مانەوەی لە راهێنەرایەتیکردنی بلاوگرانا چەند مەرجێکی تایبەت بە خۆی هەیە، راهێنەرەکەی بارسا دەیەوێت گەرەنتی پێبدرێت هاوینی داهاتوو لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان گرێبەستی باشی بۆ واژۆ دەکەن.

چاڤی دەیەوێت گەرەنتی پێبدرێت هاوینی داهاتوو بتوانێت گرێبەست لەگەڵ جۆشوا کیمیچ ناوەڕاستکاری بایرن میونشن و بێرناردۆ سیلڤا ناوەڕاستکاری مانچێستەر سیتی و زوبیمێندی یاریزانی ریال سۆسیداد واژۆ بکات.

چاڤی تاوەکو هاوینی 2025 گرێبەستی لەگەڵ بارسێلۆنا هەیە و بەگوێرەی بەندێکی گرێبەستەکەشی هەردوولا دەتوانن بە رەزامەندی یەکتری گرێبەستەکە تاوەکو هاوینی 2026 درێژ بکەنەوە.

Image

بارسێلۆنا لە رێگای هاندەران هەوڵ دەدات چاڤی پەشیمان بکاتەوە

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاشکرایکردووە، خوان لاپۆرتا هەوڵ دەدات لە رێگای هاندەرانەوە فشار لەسەر چاڤی دروست بکات، بۆ ئەوەی لە بڕیاری رۆیشتنی لە یانەکە پەشیمان بێتەوە.

لاپۆرتا پێیوایە بڕیاری وازهێنانەکەی چاڤی %100 نییە و هێشتا دەرفەتێک هەیە ئەو راهێنەرە لە بڕیارەکەی پەشیمان بێتەوە، جگە لە خوان لاپۆرتا هەریەکە لە رافا یوستی جێگری سەرۆکی یانەکە و دیکۆ بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە هاوڕان و پێیانوایە دەبێت فشار دروست بکەن، بۆ ئەوەی چاڤی لە بڕیارەکەی پەشیمان بێتەوە.

بەرپرسانی بارسێلۆنا دەیانەوێت چاڤی رازی بکەن لەو مەرجە قورسانەی خۆی پەشیمان بێتەوە و رەچاوی دۆخی دارایی بارسێلۆنا بکات و لە بەشێکی داواکارییەکانی نەرمی بنوێنێت.

Image

بۆچی لاپۆرتا دەیەوێت چاڤی پەشیمان بکاتەوە؟

لەوەتەی چاڤی رایگەیاندووە کۆتایی ئەم وەرزە یانەی بارسێلۆنا بەجێدەهێڵێت ئەو یانە کەتەلۆنییە هیچ یارییەکی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان نەدۆڕاندووە، لاپۆرتا پێیوایە لەم کاتەدا هیچ راهێنەرێک هێندەی چاڤی بۆ بارسێلۆنا گونجاو نییە، بۆیە بڕوای تیەواوی هەیە دەتوانن چاڤی رازی بکەن لە یانەکە بەردەوام بێت.

بەرپرسانی بارسێلۆنا پێیانوایە چاڤی لە دەرخستن و متمانەدان بە یاریزانە لاوەکان زۆر سەرکەوتووە، هەریەکە لە لامین یامال، پاو کوبارسی، فێرمین لۆپێز و هێکتۆر فۆرت لەژێر سەپەرشتی چاڤی درەوشاونەتەوە و رۆژ لەدوای رۆژ ئاستیان بەرزتر دەبێت و لەلایەن چاڤییەوە پشتیگری دەکرێن.

جگە لە یاریزانە لاوەکان، چاڤی هەڵسوکەوتێکی دروست لەگەڵ یاریزانە گەورەکانی یانەکەی دەکات، بۆ نموونە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی سەرەڕای ئەوەی ئاستی دابەزیوە، بەڵام بەردەوام لەلایەن راهێنەرەکەی پشتیوانی دەکرێت.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button