یاریگا –
هاوشانی زۆرێک لە نوێنەری وڵاتانی جیهان لە تەواوی کیشوەرە جیاوازەکانەوە، هەشت منداڵی کوردیش لە مەدریدن بۆ بەشداری کردن لە پاڵەوانێتی Real Madrid World Challenge کە دامەزراوەی یانە شاهانەکە پێی هەڵدەستێت.
زارۆکە گچکەکانی کورد سەرەتای ساڵ بوو لە فێرگەی کورد جینیەس لە سلێمانیەوە گەشتی ئیماراتی عەرەبییان کرد بۆ ئامادەبوونیان لە پرۆسەی هەڵسەنگاندن لەلایەن دامەزراوەی ریاڵەوە. لە ٢٥ یاریزان، بەخت یاوەری هەشت دانەیان بوو تا بنێردرێنە ئیسپانیا بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیەکە.
ئەوان و راهێنەرەکانیان ئێستا لە شاری ڤالێنسیان و لە گەرمەی خۆئامادەکردنن و، هیوایان ئەوەیە ئاستێکی وا پێشکەش بکەن کە ببنە جێی رەزامەندی راهێنەر و چاودێرەکانی ئەکادیمیای ریاڵ مەدرید و دامەزراوەکەیان تا لە ئاییندەدا، نمایندەی کودستانیان بکەن لە پۆشینی درێسی یانە مێژووییەکە.
ئەم چالاکییە کە ریاڵ ساڵانە پێی هەڵدەستێت، ئامانج لێی دۆزینەوەی بەهرەمەندە لە سەرتاسەری شوێنە جیاوازەکانی جیهانەوە. ئاستەکانی بۆ چوار تەمەنی جیاواز دیاری کراوە؛ خوار ١٦ ساڵان، خوار ١٤، خوار ١٢ و ١٠ ساڵان. تێکڕا ٦٠٠ بەشداربوو کێبڕكێ دەکەن بۆ قایلکردنی چاودێرەکانی ریاڵ مەدرید.