ماوەی دوورکەوتنەوەی کاماڤینگا لە یاریگاکان ئاشکرابوو
یاریگا –
کاماڤینگا دووچاری هەوکردنی پاژنەپێی بووە و بە ئەگەرێکی زۆر لە یارییەکانی بەرامبەر مانچێستەر سیتی و یاریی کلاسیکۆ بێبەش دەبێت.
ئێدوارد کاماڤینگا ناوەڕاستکاری یانەی ریال مەدرید لە یاریی دۆستانەی فڕەنسا و چیلی تووشی پێکان بوو، نەیتوانی یارییەکە تەواو بکات و وابڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە یان سبەی پێنجشەممە پشکنینی پزیشکی بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی راددەی پێکانەکەی دەستنیشان بکرێت.
ماڵپەڕی ریلیڤۆی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان پێکانەکەی کاماڤینگا سووکە و دوور نییە بۆ یاریی داهاتووی ریال مەدرید رۆژی یەکشەممە بەرامبەر ئاتلێتیک بلباو ئامادە بێت. کەچی بەگوێرەی زانیارییە پزیشکییەکان لەبەر ئەوەی کاماڤینگا لە پاژنەپێی چەپی تووشی هەوکردن بووە، ئەگەر پێکانەکەی زۆر قورس نەبێت و ژمارە یەک بێت پێویستی بە دوو بۆ سێ هەفتەیە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە یاریگاکان، ئەگەر پێکانەکەشی قورس بێت و ژمارە دوو بێت پێویستی بە مانگێک بۆ مانگێک و نیو دەبێت.
ریال مەدرید رۆژانی 9 و 17ـی مانگی داهاتوو لە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی مانچێستەر سیتی دەبێتەوە و رۆژی 21ـی هەمان مانگیش لە یاریی کلاسیکۆ میوانداریی بارسێلۆنا دەکات.