ئیسپانیا

لیڤاندۆڤسکی نیگەرانی داهاتووی یاریزانە لاوەکانە

Yariga App

یاریگا –

رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا پێی وایە یاریزانە لاوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر لە پێشوو فشاریان لەسەرە.

دوای ئەوەی ساڵی رابردوو لە گواستنەوەی هاوینەدا لیڤاندۆڤسکی، بایرن میونشنی بەجێهێشت و پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کرد، توانی بە خێرایی ببێتە ئەستێرەی سەرەکی ئەم تیپە و رۆڵێکی گرنگی لە پاڵەوانێتیەکەیاندا بینی.

ئەزموونی بەرزی ئەم ئەستێرە پۆڵەندییە لە خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخی نوێ و بەشداریکردن لە پێشبڕکێی نوێ و ژووری جلگۆڕین زۆر یارمەتی دا و بووە هۆی ئەوەی ئەو فشارەی بە هاتنی بۆ لالیگا لەسەری دروست ببوو کاریگەری لەسەر ئاستەکەی لە یاریگادا نەبێت.

تۆپی پێ لە ماوەی 5 بۆ 10 ساڵی رابردوودا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، ئێستا لایەنی دەروونی بۆ یاریزانان و یانەکان جێگەی سەرنجی زۆرە. شۆڕشی سۆشیال میدیا کاریگەری زۆری لەم کارەدا هەبووە، ئێستا یاریزانانی تۆپی پێ زیاتر لە جاران بەرکەوتەی رەخنەی لایەنگران و بینەرانن.

بەڵام ئەو یاریزانە پێی وایە لەگەڵ ئەوەی سۆشیال میدیا لەم رۆژانەدا رۆڵێکی گرنگ لە جیهانی تۆپی پێدا دەبینێت، بۆ یاریزانە لاوەکان زۆر قورسترە تاوەکوو خۆیان لەگەڵ ئەم ژینگەیە بگونجێنن.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ موندۆ دیپۆرتیڤۆ، لیڤاندۆڤسکی گوتی:

یاریزانە لاوەکان دەبێت کاردانەوەی پێویستیان هەبێت لە یاریگادا ئەگەر بارودۆخەکە ئەوەندە باش نەبێت. دەبێت درک بەوە بکەین کە ئەوان نەوەی نوێن لە تۆپی پێدا. ئێستا ئینستاگرامیان هەیە و بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانەی کە پێکهاتوون، دۆخەکە سەختتر بووە. هەموو شتێک سەختە و چانسی دەربازبوونیان لەم دۆخە نییە.

هێرشبەرەکە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:

ئەوە چالنجێکە بۆ ئەوان کە دەبێت لە رووی دەروونییەوە ئامادەبن.  ئایا ئەم یاریزانانە دەتوانن لە رووی دەروونییەوە بەرگەی دە ساڵ، دوانزە ساڵ یان زیاتر بگرن؟ فشارەکان زۆرن و کەم کەس دەتوانێت رووبەرووی هەموو ئەمانە ببیتەوە.

بە دڵنیاییەوە پێدەچێت لەم سەردەمەدا فشارێکی زیاتر لەسەر یاریزانە گەنجەکان هەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ بەربڵاوبوونی سۆشیال میدیا.  بارسێلۆنا یانەکە رەنگە زیاتر لە زۆربەیان کاریگەری لەسەریان هەبێت، چونکە کۆمەڵێک یاریزانی گەنجیان لە پێکهاتەکەیاندا هەیە کە لە لاماسیاوە بۆ تیپی یەکەم بەسەر کەوتوون.

بابەتی زیاتر

Back to top button