عێراقگرنگترین

چیرۆکی سەرکەوتن؛ ئەحمەد عەلی لە گەڕەکێکی دهۆکەوە بۆ نوێنەرایەتی کردنی عێراق

''ئەحمەد عەلی یەکێکە لە دیارترین یاریزانانی پێکهاتەکەی خێسوس کاساس'

یاریگا –

”بەردەوام نزام دەکرد، یاری بۆ هەڵبژاردەی عێراق بکەم”، ئەمە قسەی ئەحمەد عەلی، یاریزانی لاوی کوردی هەڵبژاردەی عێراقە بۆ پێگەی فێدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ ‘فیفا‘.

ئەحمەد عەلی، یاریزانی یانەی روانی پلەسێی فەرەنسایە، لە سەرەتای ئەمساڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەشداری لە جامی ئاسیادا کرد، یاریزانە دهۆکییەکە بەشداریکردنی لە گەورەترین پاڵەوانیەتی جامی ئاسیا، بە دەستکەوتێکی لەبیرنەکراو وەسف دەکات.

ئەحمەد عەلی لە دایکبووی دهۆکە و لە تەمەنی چوار ساڵیدا لەگەڵ ماڵباتەکەی چووەتە فەرەنسا. ئەحمەد دوو برای بە ناوەکانی زانا (یاریزانی روان) و دانا هەیە.

لە تەمەنی چوار ساڵی چووینە فەرەنسا، سەرەتا باوکم گەشتیکرد و خەریکی رێکخستنی بەڵگەکان بوو، دواتر گەڕایەوە و ئێمەی لەگەڵ خۆیدا برد. خێزانەکەم زۆر بە بانگهێشتکردنم بۆ هەڵبژاردەی عێراق دڵخۆشن.

ماڵباتی ئەحمەد عەلی سەرەتا لە ناوچەی ئالبی لە باشووری رۆژهەڵاتی فەرەنسا نیشتەجێبوون، دواتر چوونە ناوچەی سانت بروک، بریتانی.

بەهۆی خراپی دۆخی گوزەرانییەوە، باوکم بڕیاریدا عێراق جێبهێڵێت، ژمارەیەکی زۆری خزم و کەسم لەوێ دەژین، ئەمڕۆ دۆخەکە زۆر باشە بەراورد بە رابردوو.

هەرچەندە ماوەیەکی درێژە ئەحمەد عەلی لە ئەوروپا دەژیت، بەڵام رەگوریشەی لەبیر نەکردووە. کاتێک شوێنپێی زانای برای کەوت و بووە یاریزانی تۆپی پێ، ئەحمەد عەلی سەرنجی تەواوی ستافی راهێنەرانی ئەکادیمیای رێن راکێشا. کاروانی ئەحمەد عەلی لەو ئەکادیمیایە دەستیپێکرد و بانگهێشتی هەڵبژاردەکانی نیشتمانی فەرەنسا کرا، تەنانەت بانگهێشتی هەڵبژاردەی فەرەنسای ژێر 18 ساڵ کرا. ئەوکاتە لەگەڵ کینگسلی کومان، لوکاس هێرناندێز و ئابدۆ دیالۆ یاریکرد و بەشداری یارییەکی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەڵمانیای ژێر 18 ساڵانیشدا کرد.

یاریزانە دهۆکییەکە لە ساڵی 2020 یارمەتی یانەی ستاد بریۆچینیدا بگاتە خولی پلەی سێی فەرەنسا. دوو ساڵ دواتر گەورەترین خەونی ژیانی بەدیهات، کاتێک لە ساڵی 2022 یەکەم گرێبەستی پیشەیی لەگەڵ ئۆرلیانس واژۆ کرد. لەو ساتەوە خەونی یاریکردن بۆ هەڵبژاردەی عێراق دەستیپێکرد

کاتێک عێراق راهێنەرەکەی گۆڕی، پێم وابوو ئیتر دەبێ سەرنجی زیاتر لەسەر ئەو یاریزانانە دابنێن کە لە ئەوروپا یاری دەکەن. کاتێک یەکەم گرێبەستی پیشەییم لەگەڵ ئۆرلیانس واژۆ کرد، بەخۆم گوت، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە بانگهێشت بکرێم.

مەکسیم دی ئۆرنانۆ، راهێنەری پێشووی ئەحمەد عەلی بووە راهێنەری روان و دەستبەجێ گرێبەستی لەگەڵ ئەحمەد عەلی واژۆ کرد. ئەمەش بووە دەرگایەکی گەورە بۆ یاریزانە کوردەکەی هەڵبژاردەی عێراق، چونکە روان یاری لە خولی پلەسێی فەرەنسا دەکات. دوای پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز لە وەرزی 2023/24، یاریزانە دهۆکییەکە لەلایەن خێسوس کاساسەوە بانگهێشتکرا.

ئەحمەد عەلی
ئەحمەد عەلی لەگەڵ یانەی روان

یەکێک لە کێشەکانی تێکەڵبوونی ئەحمەد عەلی لەگەڵ یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق، زمانی عەرەبی بوو

کەمێک عەرەبی تێدەگەم، یاریزانان باوەشیان بۆ کردمەوە و زۆر یارمەتیان دام. هەرچەندە لەسەر چیمەنی یاریگا چەند وشەیەکی وەک ‘کات، پاس، بیبڕە، راست و چەپ’ پێویستن. کاساس بە ئیسپانی قسە دەکات و وەرگێڕێکی عەرەبی لەگەڵدایە. لەگەڵ هەڵبژاردە بەردەوام شتی نوێ فێر دەبیت، وەک یانە نییە و پێشکەوتنەکە زۆر جیاوازە. جامی ئاسیا زۆر جیاوازە لەگەڵ یارییەکی خولی پلەسێی فەرەنسا. کوالێتییەکە زۆر بەرزە و هاندەرێکی زۆر هانی ئێمەیان دەدا، بەڵام بەداخەوە نەمانتوانی بگەینە قۆناخی پێشکەوتووتر.

ئەحمەد عەلی
ئەحمەد عەلی لە مەشقەکانی هەڵبژاردەی عێراق لە جامی ئاسیا – دەوحە، قەتەڕ

ئەحمەد چاوی لە دەستپێکردنەوەی یارییەکانی هەڵبژاردە لە مانگی مارس/ئادار دڵخۆشە و ئامانجی گەیشتنە بە مۆندیالی 2026

ئامانجی گەورەی من، گەیشتنە بە مۆندیالی 2026، بە شێوەیەکی گشتی ئەگەر بەمشێوازەی ئێستا بەردەوام بین دەتوانین پێی بگەین، چونکە ژمارەی هەڵبژاردەکانی ئاسیا لە مۆندیالی داهاتوو زیاد دەبن، هەرچەندە لە رابردووشدا، عێراق هەرگیز لە گەیشتن بە مۆندیال دوور نەبووە.

هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی پێنجەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی کیشوەری ئاسیا شان بەشانی هەڵبژاردەکانی ئیندۆنیزیا، ڤیێتنام و فیلیپن یاری دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button