
یاریگا –
تانەکەی ریال مەدرید رەتدەکرێتەوە و بێڵینگهام بەهۆی ئەو کارتە سوورەی لە یارییەکەی ڤالێنسیا بەڕوویدا بەرزکرایەوە دوو بۆ سێ یاریی سڕ دەکرێت.
رۆژنامەی ‘as’ـی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، لێژنەی پێشبڕکێیەکانی لالیگا بە شێوەیەکی نیمچە فەرمی تانەکەی ریال مەدریدی لەبارەی کارتە سوورەکەی جو بێڵینگهام رەتکردووەتەوە، ناوەڕاستکارە ئینگلیزەکە بەلایەنی کەم بۆ دوو یاریی سڕ دەکرێت.
رۆژنامە مەدریدییەکە ئاشکراشیکردووە، ئەمڕۆ چوارشەممە بڕیارەکەی لێژنەی تەمبێکاری لەبارەی سزایەکەی بێڵێنگهام ئاشکرا دەکرێت، کە بێڵێنگهام بەهۆی ناڕەزایی دەربڕینی بەرامبەر خیل مانزانۆ ناوبژیوانی یارییەکەی ڤالێنسیا و ریال مەدرید بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، بەگوێرەی رێنماییەکان بێڵینگهام لە دوو یاریی داهاتوو بەرامبەر سێلتاڤیگۆ و ئۆساسۆنا سڕ دەکرێت، لەوانەیە سزایەکەی گەورەتریش بێت و بۆ سێ یاریی سڕ بکرێت، لە یاریی بەرامبەر ئاتلێتیک بلباویش بێبەش بێت کە رۆژی 31ـی ئەم مانگە دەکرێت.