یاریگا –
بەوگێرەی راپرسییەک زۆربەی هاندەرانی وڵاتانی خولە بەهێزەکانی ئەوروپا پشتگیری سوپەر لیگ دەکەن، بەتایبەتی لەنێو گەنجان پشتیوانی زیاتری پڕۆژەکە دەکرێت.
بێرند رایچارت بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای A22 سپۆرتس مانەجیمێنت کە سەرپەرشتی پڕۆژەی سوپەر لیگ دەکات، لە لێدوانێکیدا دەڵێت :’بەگوێرەی راپرسییەک کە کۆمپانیای ئۆپینیەن وای لەسەر داوای ئێمە ئەنجامی داوە، %72ـی هاندەران لە ئەوروپا پشتگیری سوپەر لیگ دەکەن’.
بەگوێرەی راپرسییەکە کە 6458 هاندەری تۆپی پێ لە وڵاتانی ئینگلتەرا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، فەرەنسا، بەلجیکا، هۆڵەندا و پۆرتوگاڵ بەشدارییان کردووە، %72ـی بەشداربووان پشتگیری ئەوە دەکەن سوپەر لیگ بکرێت، کە تەمەنی بەشداربووانی راپرسییەکە لە 15 ساڵ بەرەو سەرەوەیە.
لەنێو ئەو هاندەرانەی تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 24 ساڵیدایە پشتیوانانی سوپەرلیگ زۆرترن، %86ـی هاندەران لەو تەمەنەدا پڕۆژەکەی فلۆرێنتینۆ پێرێز و خوان لاپۆرتا دەکەن، بەڵام لەنێو هاندەرە بەتەمەنەکان پشتیوانی پڕۆژەکە کەمترە، بۆ نموونە ئەو هاندەرانەی تەمەنی 65 ساڵیان تێپەڕاندووە تەنیا %59ـیان پشتیوانی سوپەر لیگ دەکەن.
بێرند رایچارت لەبارەی ئالنگارییەکانی بەردەم سو پەرلیگ دەڵێت :’هێشتا پێویستمان بە هەوڵ و کاتی زیاتر بۆ ئەوەی بتوانین بڕوا بە یانەکان بکەین بۆ ئەوەی گۆڕانکاریی لە تۆپی پێی ئەوروپا رووبدات، پێویستە بتوانین پانتاییەکی ئارامتر و متمانەپێکراوتر بۆ یانەکان دروست بکەین، تاوەکو بڕیار بدەن چی لە بەرژەوەندی ئەواندایە’.
بەگوێرەی یاسا و سیستەمی سوپەر لیگ، 64 یانە بەشداریی خولەکە دەکەن و دابەشی سەر سێ ئاست دەکرێن، کە تاوەکو ئێستا زۆربەی یانەکانی ئەوروپا جگە لە ریال مەدرید و بارسێلۆنا دژایەتی ئەو پڕۆژەیە دەکەن.