
یاریگا –
بەگوێرەی پێشنیازێک بۆ زیادکردنی یاسایەکی نوێ بۆ گۆڵپارێزان، چیدیکە چاوپۆشی لە گۆڵپارێزان ناکرێت و چیدیکە ناتوانن بێباکانە تۆپ لەلای خۆیان بهێڵنەوە.
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئاشکرایکردووە، ئەنجوومەنی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ ناسراو بە (IFAB) بەنیازە یاسایەکی تایبەت بە گۆڵپارێزان نوێبکاتەوە، بۆ ئەوەی رێگا لە بەفیڕۆدانی کاتی یارییەکان بکات، ئێستا ئەگەرچی هەر گۆڵپارێزێک رێگای پێدەدرێت شەش چرکە تۆپ لەناو دەستەکانی بمێنێتەوە، بەڵام ناوبژیوانان چاوپۆشییان لێدەکەن.
Goalkeepers to be placed against the clock in bid to beat time-wasting https://t.co/uHmLPCFxGy
— Guardian sport (@guardian_sport) March 2, 2024
ئیفاب بەنیازە کاتی رێگاپێدراو بۆ گرتنە دەستی تۆپ لەلایەن گۆڵپارێزانەوە لە شەش چرکەوە بۆ هەشت چرکە زیاد بکات، بەڵام بەو مەرجەی چاوپۆشی نەکرێت و ناوبژیوانان دوای تێپەڕبوونی سێ چرکە دەستیان بەرز بکەنەوە بۆ ئەوەی هەمووان ئاگادار بن، لە ئەگەری تێپەڕدانی هەشت چرکە ناوبژیوان گۆڵپارێزەکە سزا دەدات.
بەگوێرەی یاسای ئێستا ئەگەر گۆڵپارێز زیاتر لە شەش چرکە تۆپ لەناو دەستەکانی بهێڵێتەوە، ناوبژیوان لێدانی ناڕاستەوخۆ لەسەر گۆڵپارێزەکە هەژمار دەکات، بەڵام بەگوێرەی پێشنیازە نوێیەکە ناوبژیوان هەڵدانی لا یان کۆرنە بە تیپی بەرامبەر دەدات، لەجیاتی ئەوەی لێدانی ناڕاستەوخۆ هەژمار بکات.
ئایان ماکسوێل، ئەندامی ئەنجوومەنی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ لەبارەی گۆڕانکارییە نوێیەکەی یاسای گۆڵپارێز دەڵێت :’دەمانەوێت رێگا لە بەفیڕۆدانی کاتی یارییەکان بگرین، بەگوێرەی یاسای ئێستا لەبەر ئەوەی ئەگەر گۆڵپارێز لە شەش چرکە زیاتر تۆپی لەلا بمێنێتەوە لێدانی ناڕاستەوخۆی لەسەر هەژمار دەکرێت، بۆیە ناوبژیوانان ئەم بڕیارەیان پێ قورسە و زۆربەی جار چاوپۆشی دەکەن، بۆیە دەمانەوێت ماوەکە لە شەش چرکە بۆ هەشت چرکە زیاد بکەین، بەڵام لە هەمان کاتدا ناوبژیوانان ناچار بکەین چاوپۆشی نەکەن’.