کوردستان

بە کەمترین خەرجی یانەی پیشەسازی گەیشتە ڕیزی یانە نایابەکانی کوردستان

Yariga App

بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا یانەی پیشەسازی سەرکەوت بۆ ڕیزی یانە پلە نایابەکانی کوردستان بۆ وەرزی داهاتوو.

یانەی ڕزگاری لە دوا خولەک  گەیشتنی بە ڕیزی نایاب لە دەستدا دوای ئەوەی بە گۆڵێک لە گەڵ یانەی ڕەواندز یەکسان بوو، ڕزگاری ئێستا خاوەن 32 خاڵە لە پلەی دووەمی ڕیزبەندی خولی پلە یەکی کوردستان دێت و گەیشتن بۆ ڕیزی نایابی دواکەوت بۆ کۆتا گەڕی خولەکە کە لە نێو یاریگای خۆی میوانداری یانەی شۆڕجە دەکات، یانەی کۆیەش نەیتوانی سود لە یەکسان بوونی یانەی ڕزگاری وەربگرێت و لە نێو یاریگای خۆی بە ئەنجامی 2 _ 2 یەکسان بوو، کۆیە 30 خاڵی هەیە لە ڕیزبەندی سێیەمە و لە کۆتا گەڕیش دەبێتە میوانی یانەی سلێمانی.

یانەی پیشەسازی دوای یەکسان بوونی لەگەڵ یانەی هەڵۆ بەگۆڵێک، بە فەرمی بە سود وەرگرتن لە یەکسان بوونی هەر دوو یانەی ڕزگاری و کۆیە، بۆ یەکەمجار لە مێژوو گەیشتە ڕیزی یانە نایابەکانی کوردستان بۆ وەرزی 2024\2025، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی پیشەسازی دیار حاجی ڕایگەیاند: ئەمساڵ یەکگرتوویی و یەک دەستی نهێنی سەرکەوتنەکانمان بوون، سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی پاڵپشتی ئێمەیان کرد سوپاس بۆ دەستەی کارگێڕی و سەرجەم یاریزانان کەوا یانەکەیان گەیاندە بەرزترین ئاستی خولەکانی کوردستان، ئەم وەرزە کەمترین خەرجیشمان هەبووە بە بەراورد بە چەند یانەیەک، بۆ ئەم وەرزەی خولی پلە یەکی کوردستان تەنها 85 ملیۆن دینار خەرجی ئێمە بووە.

یانەی پیشەسازی جگە لەوەی بۆ یەکەمجارە دەگاتە ڕیزی یانە نایابەکانی کوردستان، تاکە یانەیە بەبێ هیچ شکستێک دەگاتە خولی نایاب.

بابەتی زیاتر

Back to top button