کۆیە بەجەستە لە نێو یاریگای خۆیانن و بیر و هزریشیان لە ڕواندز و بلێ یە

یانەی پیشەسازی بە سەرکەوتن بەرامبەر یانەی هەڵۆ ڕاستەوخۆ دەگاتە خولی نایابی کوردستان بۆ وەرزی 2023\2024.
سبەی هەینی 1\3\2024 گەڕی پازدەم و پێش کۆتایی خولی پلە یەکی کوردستان بەئەنجامدانی هەر هەشت یاری دەستپێدەکات، یانەی ڕزگاری دوای شکستی لە هەفتەی ڕابردوو و لە دەستدانی پلەی یەکەم بۆ یانەی پیشەسازی، دە بێتە میوانی یانەی ڕواندز لە یاریەکی زەحمەتدا بە هۆی ئەوەی یانەی ڕواندز پێویستی بە سەرکەوتنە بۆ ئەوەی لە ڕیزی پلەیەکی کوردستان بمێنێتەوە، ڕزگاری 31 خاڵی هەیە لە پلەی دووەمە و ڕواندزیش بە 11 خاڵ لە ڕیزبەندی چواردەم دێت، یانەی پیشەسازی لە بلێ دەبێتە میوانی یانەی هەڵۆ و لە ئەگەری سەرکەوتنیان ئەوا ڕاستەوخۆ یانەکە دەگاتە ڕیزی نایاب بۆ وەرزی داهاتوو، پیشەسازی بە 33 خاڵ لە پلەی یەکەمە و یانەی هەڵۆش لە پلەی هەشتەمە بە 16 خاڵ.
یانەی کۆیە بە جەستە لە نێو یاریگای خۆیەتی و بیر و هزریشی لە ڕواندز و لە بلێ یە، کۆیە لە بەردەم هاندەرانی خۆی میوانداری یانەی خاکی شاری کەرکوک دەکات، جگە لەوەی دەبێ خۆی سەرکەوتووبێ چاوەڕوانی شکستی یانەکانی ڕزگاری و پیشەسازیش دەکات بۆ ئەوەی پلە یەک لە ڕیزبەندی پێشەوە وەربگرێت، کۆیە 29 خاڵی هەیە لە پلەی سێیەمە و یانەی خاکیش بە 14 خاڵ لە پلەی نۆیەم دێت.