بارسێلۆنا بیر لە گواستنەوەی ئەستێرەیەکی مانچێستەر یونایتد دەکاتەوە
یاریگا –
بەڕێوبەرانی بارسێڵۆنا، ئارەزووی گواستنەوەی دەیڤد دێ خیا، گۆلپارێزی پێشووی مانچێستەر یونایتد دەکەن.
دوای ئەوەی لە کۆتایی وەرزی رابردوودا، دێ خیا مانچێستەر یونایتدی جێهێشت، بێ یانە مایەوە و تا ئێستا پەیوەندی بە هیچ یانەیەکی دیکەوە نەکردووە و بە تاکەکەسی مەشق و راهێنان دەکات.
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا ناوی ئەم گۆڵپارێزە لەگەڵ ناوی زۆرێک لە یانەکان بیستراوە، لە ریال مەدریدەوە تا نۆتینگهام فۆڕێست و تەنانەت هەندێک یانەی سعودیش، بەڵام لە کۆتاییدا پەیوەندی بە هیچ کامیانەوە نەکردووە و تا ئێستا بەدوای گونجاوترین بژاردەدا دەگەڕێت.
ئەمڕۆ مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاویکردەوە و گوتی، بەڕێوەبەرانی بارسێلۆنا هەڵسەنگاندن بە دۆخەکەدا دەکەن و هێشتا دڵنیا نین لەوەی کە ئایا دەیانەوێت ئیگناسی پێنا، وەرزی داهاتوودا لەگەڵیان بمێنێتەوە یاخود دەبێت بەدوای گۆڵپارێزێکی نوێی یەدەگدا بگەڕێن.
بژاردەی سەرەکییان بۆ گۆڵپارێزەکە کە بڕیارە لە دوای مارک ئەندرێ تێرشتیگن هەڵبژاردەی دووەمی تیپەکە بێت، دێ خیایە، ئەگەری ئەوە هەیە دوای ساڵێک، لە گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا دێ خیا بە جلوبەرگی بارسێلۆناوە دەست بە یاری کردن بکاتەوە.
هێشتا دانوستانەکان بۆ گواستنەوەی دێ خیا دەستی پێنەکردووە و بەڕێوەبەرانی بارسا هێشتا هەڵسەنگاندن بۆ ئەم بڕیارە دەکەن.