ئینگلتەراگرنگترین

ئامۆژگارییەکەی کڵۆپ بۆ کۆوتینیۆ لە کاتی چوونی بۆ بارسێلۆنا چیبوو؟

''بەڕاستی کڵۆپ ئامۆژگاری کردم، بەڵام پەشیمان نیم''

یاریگا –

فیلیپێ کۆوتینیۆ دووپاتیدەکاتەوە، لە جێهێشتنی لیڤەرپوول پەشیمان نییە، سەرەڕای نەهامەتییەکانی لەگەڵ بارسێلۆنا.

یاریزانی بەرازیلی لە یەنایەر/کانوونی دووەمی ساڵی 2018 بە بڕی 142 ملیۆن پاوەند، لە لیڤەرپوولەوە پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کرد، بەڵام نەیتوانی کاروانێکی ئەرێنی لەگەڵ کاتالۆنییەکان تۆمار بکات.

کۆوتینیۆ لە ماوەی چوار ساڵ و نیودا 106 یاری بۆ بارسێلۆنا کرد و تەنیا 106 گۆڵی کرد. بە خواستن لە بارساوە چووە یانەکانی بایرن میونش و ئاستۆن ڤیلا، دواتر بە شێوەیەکی هەمیشەیی چووە ئاستۆن ڤیلا.

چاوەڕوانییەکانی زۆری لە بارسا لێدەکرا، بەڵام سەرباری ئەمەش کۆوتینیۆ لە جێهێشتنی لیڤەرپوول پەشیمان نییە. لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی Sport دەڵێت

بە هیچ شێوەیەک پەشیمان نیم، هەرچەندە شتەکان بە دڵی من بەڕێوەنەچوون و بەو شێوەیەش نەبوو کە خەڵک لێی چاوەڕێ دەکردم، چونکە خۆم بەردەوام داوای باشترین لە خۆم دەکەم. هەموو هەوڵێکمدا و بەردەوام زۆر پیشەگەرییانە مامەڵەم کردووە، بۆیە هیچ پەشیمان نیم.

کۆوتینیۆ نایشارێتەوە، لە منداڵییەوە بە بارسا سەرسام بووە، بۆیە لە بڕیارەکەی پەشیمان نییە

یاریکردن بۆ بارسا، خەونی منداڵیم بوو، بۆیە چوومە بارسا و زۆر پێی دڵخۆشم بووم. چاوم بە خەڵکی نوێ کەوت و نازناوم لەگەڵ یانەکە بردەوە، بۆیە بارسا چیرۆکێکی جوانی ژیانمە.

کۆوتینیۆ یەکێک بوو لە ئەستێرە دیارەکانی تیمەکەی یۆرگن کڵۆپ و بۆ یەکەمجار ئامۆژگارییەکی کڵۆپ ئاشکرا دەکات

کاتێک ئۆفەرەکەی بارسا گەیشت، کڵۆپ پێی گوتم لێرە بمێنێەوە و لە کۆتاییدا وەک رێزلێنان، لیڤەرپوولییەکان پەیکەرت بۆ دروست دەکەن. بڕۆ بارسێلۆنا، بایرن میونشن یان ریال مەدرید، بەڵام لەوێ دەبیتە یاریزانێکی دیکە، کەچی لێرە دەتوانی ببیتە شتێکی گەورەتر.

لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگی 2019 لیڤەرپوول و بارسێلۆنا رووبەڕووی یەکتربوونەوە و کۆوتینیۆ لە هەردوو یارییەکە سەرەکی بوو. رێدز بردنەوەیەکی مێژووییان تۆمارکرد و کۆوتینیۆ نەیتوانی ببێتە پاڵەوانی ئەوروپا.

ئێستا کۆوتینیۆ یاری بۆ دوحەیلی قەتەڕی دەکات، ئەمەش دوای دوورخستنەوەی لەلایەن یونای ئێمری، راهێنەری ئاستۆن ڤیلا.

بابەتی زیاتر

Back to top button