
دوای کۆتایی هاتنی یارییەکانی گەڕی بیست و یەکی خولی نایابی کوردستان، هەر دوو یانەی پێشمەرگەی هەولێر و سەید سادق زۆرترین گۆڵیان لە خولەکە تۆمار کردووە.
یانەی شێروانە خاوەن زۆرترین سەرکەوتنە لە 21 گەڕی ڕابردووی خولی نایابی کوردستان کە 11 سەرکەوتنە، شێروانە 30 گۆڵی تۆمار کردووه و 16 گۆڵیشی لێکراوە، یانەی سۆران زۆرترین یاری لە خولەکە دۆڕاندووە و 11 شکستی هەیە، هەر دوو یانەی دهۆک و سۆران زۆرترین گۆڵیان لێ تۆمارکراوە کە 32 گۆڵە، یانەی زاخۆ خاوەن خراپترین هێلی هێرشبەرە و کەمترین گۆڵی لە خولەکە تۆمار کردووە کە تەنها 14 گۆڵە و دوای ئەویش یانەی شەقڵاوە دێت کە 16 گۆڵیان تۆمار کردووە، هەر دوو یانەی پێشمەرگەی هەولێر و سەید سادق خاوەن بەهێزترین هێلی هێرشبەرن و هەر یەکەیان 32 گۆڵیان لە خولەکە تۆمار کردووە، تا ئێستا گۆڵکاری خولەکەش یاریزان یادگار ئیبراهیمە لە یانەی سەید سادق بەتۆمار کردنی 12 گۆڵ.
گۆڵپارێزی یانەی هەندرێن دلێر حاتەم خاوەن زۆرترین کلین شیتە لە 21 یاری 13 یاری تۆڕی گۆڵەکەی پاراستووە، دوای ئەویش گۆڵپارێزی یانەی شێروانە هەڤاڵ بەهائەدینە لە کۆی 17 یاری 11 کلین شیتی تۆمار کردووە.