یاریگا –
لەنێو بارسێلۆنا یاریزانان و راهێنەری یانەکە پێیانوایە سیخوڕێک لەنێو یانەکەیان هەیە نهێنییەکانیان دەگەیەنێتە میدیاکان، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بیدۆزنەوە.
جاڤی میگێل، رۆژنامەنووسی ئیسپانی لە بەرنامەی ئێلچێرێنگیتۆی ئیسپانی نهێنییەکی گەورەی ئاشکراکرد و رایگەیاند :’چاڤی هێرناندێز دوو مانگە بەدوای سیخوڕێک دەگەڕێت و پێیوایە کەسێک هەیە لە ژووری جلگۆڕینی یانەکە، زانیارییەکانیان دەباتە دەرەوە و بە میدیاکانی دەدات’.
ئەو رۆژنامەنووسە ئیسپانییە دەڵێت :’چاڤی هێندە لەسەر ئەم بابەتە جددییە، یانەی بارسێلۆنا کۆمپانیایەکی تایبەتی بۆ گەڕان بەدوای مایکی شاراوە لەناو ژوورەکان و تەنانەت تواڵێتەکانیش گەڕاون، بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لەوەی قسەکانی چاڤی و یاریزانەکان لە رێگای هیچ مایکێکی شاراوە تۆمار ناکرێت’.
🚨 EXCLUSIVA @fansjavimiguel 🚨
💣 "XAVI busca el 'TOPO' en el BARÇA".
📱‼️ "Se han revisado hasta los 'Whatsapps' de miembros del staff". pic.twitter.com/9vlHgNDYAj
— El Chiringuito TV (@elchiringuitotv) February 21, 2024
ئەو رۆژنامەنووسە ئیسپانییە دەشڵێت :’یاریزانەکانی بارسێلۆنا پێیانوایە ئەو سیخوڕە لەنێو دەستەی راهێنەران دایە، تەنانەت چاڤی مۆبایلی لە سەرجەم ئەندامانی دەستەی راهێنەرانی تیپەکەی وەرگرتووە و سەیری نامەکانی واتسئەپی هەمووانی کردووە، بۆ ئەوەی لەوە دڵنیابێتەوە کەسیان نهێنییەکانی تیپەکەیان بە میدیاکان نەداوە’.
رۆژنامەنووسەکە لە بەرنامەی ئێلچێرێنگیتۆ دەڵێت :’چاڤی تەواو لەم سیخوڕە نیگەران و پەست بووە، لەبەر ئەوەی گومانێکی زۆری هەیە لەنێو دەستەی راهێنەرانی بێت، بەمدواییانە لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ یاریزانانی رێگای بە ئامادەبوونی هیچ یەکێک لە ئەندامانی دەستەی راهێنەرانی یانەکەی نەدەدا، تەنانەت سێرجی ئەلێگری برایشی لەو کۆبوونەوانە ئامادە نەدەبوو’.
چاڤی جگە لەو هەموو هەوڵەی، هەوڵیدابوو لە رێگای رۆژنامەنووسانیش ئەو سیخوڕە بدۆزێتەوە و پەیوەندی بە یەکێک لەو پەیامنێرانە کردبوو کە هەواڵێکی لەبارەی بارسێلۆنا بڵاوکردبووەوە، بەڵام پەیامنێرەکە و دەزگاکەی ئەو پەیامنێرە ئامادە نەبوون ناوی سەرچاوەی هەواڵەکە بە چاڤی بدەن.