یاریگا –
دوو یاریزانی هەولێر لە دوایین یاریی یانەکەیان بەرامبەر کەربەلا تووشی پێکان بوون، لە یاریی داهاتوو لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بێبەش دەبن.
هەریەکە لە یاسین سامیە و ئەحمەد حەسەن مەکەنزی لە یاریی بەرامبەر کەبەرلا لە گەڕی پازدەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق تووشی پێکان بوون، یاسین سامیە بەهۆی دەرچوونی شانی یارییەکەی پێ تەواو نەکرا و شێرکۆ کەریم شوێنی گرتەوە، ئەحمەد مەکەنزیش بەهۆی پێکانەوە یارییەکەی پێ تەواو نەکرا و بارزان شێرزاد شوێنی گرتەوە.
یاسین سامیە و ئەحمەد مەکەنزی بەهۆی پێکانەکانیان لە یاریی داهاتووی هەولێر بەرامبەر نەجەف ئامادە نابن، لەکاتێکدا شێرکۆ کەریم تازە لە پێکانەکەی چاکبووەتەوە و لە یارییەکەی کەربەلا لە نیوەی دووەم بەشداریی کرد، ئەرکان ئەمیریش بەهۆی نەخۆشییەوە ئامادەی ئەو یارییە نەبوو.
جگە لەو دوو یاریزانە، ئاکام هاشم بەرگریکاری سەرەکی یانەکەی قەڵاومنارە بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یارییەکەی هەینی بێبەش دەبێت، کە دووەمجارە لەم وەرزە ئاکام بە کارتی سوور بکرێتە دەرەوە.
رۆژی هەینی هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە گەڕی شازدەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق کاتژمێر 19:00 دەبێتە میوانی نەجەف.