ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

ئێمباپێ گرێبەستی لەگەڵ ریال مەدرید واژۆ کرد

وردەکاری گرێبەستەکەی کیلیان و مەدرید

Yariga App

یاریگا –

چیرۆکی ئێمباپێ کۆتایی هاتووە و گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید واژۆ کردووە.

رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، کیلیان ئێمباپێ دوو هەفتە لەمەوبەر گرێبەستی لەگەڵ ریال مەدرید واژۆ کردووە، گرێبەستەکە بۆ 5 وەرز و تا هاوینی 2029 دەبێت، کیلیان لە یەکی تەمموزەوە دەبێت بە یاریزانی مێرێنگی.

بەپێی زانیارییەکانی مارکا، لە چەند رۆژی رابردوو یانەیەکی گەورەی ئەوروپا ئۆفەرێکی پێشکەش بە پاریس سانجێرمان کردووە، بەڵام پێیانگوتراوە خۆیان ماندوو نەکەن، چوونی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید کۆتایی هاتووە.

ئۆفەری دیکە مەنێرن

سێشەممەی رابردوو کیلیان لەگەڵ ناسر خلێفی سەرۆکی پاریس سانجێرمان کۆبووەوە، ئاگاداریکردەوە، کە ئۆفەری دیکەی پێشکەش نەکات، چوونکە گرێبەستێکی پێنج وەرزەی لەگەڵ ریال مەدرید واژۆ کردووە و لە 30 حوزەیرانەوە روو لە مەدرید دەکات.

کۆبوونەوەکە لە کەشێکی دۆستانەدا بەڕێوەچوو، چوونکە پاریس پێشتر ئامادەکاری بۆ کردبوو، چوونکە یاریزانەکە لە مانگی حوزەیرانی رابردووەوە یانەکەی ئاگادار کردبووەوە، کە بژاردەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی کارا ناکات.

ئەو بەشەی کۆبوونەوەکە کە زیاتر بە دڵی خلێفی بوو، ئەوەبوو کە ئێمباپێ بەڵێنەکەی خۆی بردەسەر، دەستبەرداری بەشی سێیەمی پاداشتی دڵسۆزی گرێبەستەکەی بوو، ئەمەش تەنیا لە پێناو جێهێشتنی یانەکە بەشێوەیەکی دۆستانە.

ژوان بەستن لە مانگی یەکدا

لە یەکەم رۆژی مانگی یەکی ئەمساڵ، کاتێک گرێبەستەکەی کیلیان گەیشتە قۆناخی شەش مانگی کۆتایی، ریال مەدرید پەیوەندی بە ئێمباپێ کرد، پرسی کە ئایە ئەو پلانەی لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو لەسەری رێککەوتون وەک خۆی ماوە یاخود نا، وەڵامەکان ئەرێنی بوون.

هیچ گۆڕانکارییەک لە پلانەکانی یاریزانەکە رووینەدابوو، بەوپێیەی هەشت مانگ زووتر پاریسی ئاگادارکردبووەوە، لە کۆتایی وەرزەکە لە یانەکە دەڕوات، شوێنی مەبەستیشی هەر ریال مەدریدە.

لە مانگی دوو رێککەوتن

لە سەرەتای مانگی دوو دانوستانەکانی نێوان ریال مەدرید و کیلیان ئێمباپێ دەستیپێکرد، دانوستانەکانی ئەم جارە زۆر سادەبوون، تەنیا گرفتێکی کەم لەسەر مافی وێنەکان هەبوون، بەڵام فلۆرێنتینۆ پێرێز تێکەڵی دانوستانەکان بوو، بەخێرایی بابەتەکەی چارەسەرکرد.

جیا لەوەش بەپێی رێنماییەکانی پێرێز دایکی کیلیان ئێمباپێ ئاگادارکرایەوە، کە دەبێت مووچەی یاریزانەکە لەگەڵ پێوەرەکانی یانەکە گونجاو بێت، بەشێوەیەک بەرز نەبێت مقۆ مقۆ لە ژووری خۆگۆڕیندا درووست بکات و ریزەکانی یانەکە بشێوێنێت.

مووچەی کیلیان

ئێمباپێ دەبێت بە خاوەن بەرزترین مووچە لە یانەکە، بەڵام جیاوازییەکەی لەگەڵ هەندێک لە یاریزانەکانی دیکەی یانەکە زۆر نابێت، مووچەی پوختی کیلیان لە ریال مەدرید لەدوای لێبڕینی باج ساڵانە 15 بۆ 20 یۆرۆ دەبێت.

ئەمەش کەمترە لەچاو ئۆفەرەکەی 2022، کە ئەوکات لەسەر 26 ملیۆن یۆرۆی پوختی ساڵانە گەیشتبوونە رێککەوتن، وە کەمترە لە مووچەی ئێستای یاریزانەکە لە پاریس کە ساڵانە 32 ملیۆن یۆرۆی پوخت وەردەگرێت.

کەمکردنەوەی پاداشتی واژۆکردن

کاتێک یاریزانێک بە گرێبەستی ئازاد پەیوەندی بە یانەیەک دەکات، زۆر جار پاداشت دەکرێت و شیرینی گرێبەستەکەی پێدەدرێت. وەک بەبیرهێنانەوەیەک، لە مانگی ئابی 2021 کاتێک کیلیان یەک ساڵ گرێبەستی لەگەڵ پاریس مابوو، ریال مەدرید ئۆفەرێکی بە بەهای 160 ملیۆن یۆرۆ پێشکەش بە یانە فەڕەنسییەکە کرد.

چەند رۆژێک دواتر ریال مەدرید ئۆفەرێکی دیکەی پێشکەش بە سانجێرمان کردەوە، ئەنجارەیان بڕی پارەکە 180 ملیۆن یۆرۆ بوو، بەڵام پاریس وەڵامی ئۆفەرەکەی نەدایەوە، ئەمەش کۆتایی بە پەیوەندی نێوان هەردوو یانەکە هێنا.

لە ساڵی 2022 ریال مەدرید لەگەڵ ئێمباپێ گەیشتە رێککەوتن بۆ ئەوەی یاریزانەکە بە گرێبەستێکی ئازاد پەیوەندییان پێوەبکات، وەک پاداشتیش 130 ملیۆن یۆرۆیان بۆ یاریزانەکە دانابوو، بەڵام گواستنەوەکە شکستیهێنا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی مارکا، ئەمجارە پاداشتەکان هاوشێوەی 2022 نابن، بەڵکو بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکراونەتەوە، پاداشتە نوێیەکە لەدوای لێبڕینی باخ خۆی دەدات لە 50 ملیۆن یۆرۆ.

ئەمەش نیوەی ئەو پارەیەش ناکات، کە لەم وەرزە لە پاریس وەریگرتووە، کیلیان تەنیا لەم وەرزە 212 ملیۆن مووچەی لە سانجێرمان وەرگرتووە، 72 ملیۆن وەک مووچەی گشتی، 60 ملیۆن وەک پاداشتی نوێکردنەوە و 80 ملیۆنیش پاداشتی دڵسۆزی.

دەوروبەرەکەی ئێمباپێ لە سەرەتاوە بەم کەمکردنەوەیە رازی نەبوون، بەڵام دواتر بەهۆی بارودۆخی ئابووری رازیبوون، لەوەش تێگەشتن ئەمە تاکە رێگەیە بۆ ئەوەی خەونەکەی ئێمباپێ ببێت بە ڕاستی.

جیا لەوە بینینی بێڵینگهام کە تەنیا 8 مانگ دوای پۆشینی درێسی ریال مەدرید قازانجێکی دارایی زۆری کردووە و سپۆنسەری زۆری پەیدا کردووە، هۆکارێکە بۆ رازیبوونی بنەماڵەکەی کیلیان و دڵنیان کوڕەکەیان دەتوانێت لەو رووە قازانجی زیاتر بکات.

بە تایبەت بە بەدەستهێنانی مافی وێنەکان، بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ و باڵۆن دۆریش گیرفانیان گەرمتر دەکات.

جادووەکەی پێرێز

دوای ئەوەی لە هاوینی 2022 بەشێوەیەکی شۆکهێنەر گواستنەوەی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید شکستیهێنا، لە کۆتا هەفتەی مانگی ئایار ئێمباپێ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە فلۆرێنتینۆ پێرێز کرد، داوای لێبوردنی لێکرد کە پەیوەندی بە یانەکەی ناکات و لە پاریس دەمێنێتەوە.

ئەم پەیوەندییە نێوان پێرێز و یاریزانەکەی بەباشی هێشتەوە، سەرەتایەکیش بوو بە بەردەوامیدان بە خەونە لەمێژینەکەی مێرێنگی، هەر لەو ساتەوە پێرێز لەگەڵ خۆزێ ئانخێل سانچێزی دەستە راستی دەستی بە داڕشتنی پلانێکی ستراتیژی نوێ کرد.

بێگومان ئێمباپێ بەشێک بوو لە پلانەکە، چەندین ئەستێرەی لاوی دیاری ئەوروپا کرانە ئامانج و گرێبەست لەگەڵ زۆرینەیان واژۆ کرا، لوتکەی ئەم پلانەش لە مانگی تەمموزی داهاتوو دەبێت کاتێک لە سانتیاگۆی نوێ نمایشی کیلیانیش دەبینرێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button