بۆچی ئێمباپێ دەترسێت گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید رابگەیەنێت؟
یاریگا –
سەرەڕای ئەوەی زۆربەی شتەکان ئاشکرابوون و میدیایەکان یەکلایان کردووەتەوە، هاوینی داهاتوو کیلیان ئێمباپێ دەچێتە ریال مەدرید، بەڵام ئەو هێرشبەرە فەرەنسییە ئامادە نییە تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە ئیسپانییەکە رابگەیەنێت.
فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە، تاوەکو یانەی پاریس سانجێرمان لە چامپیۆنزلیگ بەردەوام بێت، کیلیان ئێمباپێ ئامادە نییە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید رابگەیەنێت، چونکە دەترسێت لە قۆناخەکانی داهاتووی چامپیۆنزلیگ پاریس سانجێرمان رووبەڕووی ریال مەدرید بێتەوە.
رۆژنامەنووسە ئیتاڵییەکە راشیگەیاندووە، مانگی رابردوو ریال مەدرید بەفەرمی دوایین ئۆفەری پێشکەشی ئێمباپێ کردبوو، یەکێک لە مەرجەکانی یانە ئیسپانییەکە ئەوە بوو، دەبووایە تاوەکو ناوەڕاستی مانگی رابردوو هێرشبەرە فەرەنسییەکە وەڵامی ئۆفەرەکەی ریال مەدرید بداتەوە، بەڵام ئێمباپێ بەو مەرجە پابەند نەبووە و وەڵامی ئۆفەرەکەی ریال مەدریدی نەداوەتەوە.
رۆژی سێشەممەی رابردوو، کیلیان ئێمباپێ بەفەرمی یانەکەی ئاگادار کردەوە هاوینی داهاتوو بە گرێبەستێکی ئازاد ریزەکانی پاریس سانجێرمان بەجێدەهێڵێت و پێشبینی دەکرێت پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدریدەوە بکات.