یاریگا –
ئەنچیلۆتی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکەی رایۆ ڤاییکانۆ رەتیکردەوە هیچ قسەیەک لەبارەی چوونی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید بکات و گوتی ‘ئێمە تەنیا گرنگی بە یاریی رایۆ ڤاییکانۆ دەدەین’.
کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریال مەدرید ئیسپانی لەبارەی چوونی کیلیان ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید گوتی :’من لەوە تێدەگەم ئەم بابەتە بۆ ئێوە گرنگە، بەڵام لەلای ئێمە یارییەکەی سبەی گرنگترە، پێویستە لەسەرمان لە یارییەکەی رایۆ ڤاییکانۆ ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەین، ئەمە گرنگترین شتە لەلای من، ئێمە بەیەکەوە سەیری یارییەکانی پێشووی رایۆ ڤاییکانۆمان کردووە، نەوەک قسە لەبارەی ئێمباپێ بکەین’.
لەبارەی تامەزرۆیی ئەنچیلۆتی بۆ گواستنەوەی ئێمباپێ بۆ وەرزی داهاتوو، راهێنەرە ئیتاڵییەکە گوتی :’من دەمەوێت ئەم وەرزە بە باشترین شێوە کۆتایی پێبهێنین و نازناوەکان بەدەست بهێنین، هێشتا ماوەیەکی زۆرمان لەبەردەمدا ماوە بۆ وەرزی داهاتوو’.
☀️ ✖️ 🧢 ✖️ 🧠#RMCity pic.twitter.com/o5LOQ8W4uV
— Real Madrid C.F. (@realmadrid) February 17, 2024
کارلۆ رەتیشیکردەوە پرسیارەکان لەبارەی ئێمباپێ کاریگەری لەسەر تیپەکەی هەبێت و گوتی :’ئایا پرسیارەکانتان لەبارەی ئێمباپێ هیچ کاریگەرییەکی لەسەرم هەبووە؟ نەخێر هەرگیز، لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکان ئەم جۆرە پرسیارانە دەکرێن و هەر بەمشێوەیە دەبێت’.
لەبارەی یارییەکەی سبەی بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ، راهێنەرەکەی ریال مەدرید گوتی :؛یارییەکەی سبەی زەحمەت دەبێت، هەمیشە یاریکردن لەناو یاریگای ڤالیکاس قورسە، ئەوان راهێنەرەکاین گۆڕیوە و پێویستیان بە بەدەستهێنانی خاڵی زیاترە، بۆیە یارییەکەی سبەی قورس دەبێت’.