ڤیدیۆی یاریزانێک لە خولی ئەستێرەکانی عێراق کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە
یاریگا –
ڤیدیۆی یاریزانێکی پێشووی زەوڕا لە یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە، یاریزانی پێشووی یانەکەی بەغدا وەکو پۆلیس کار دەکات.
گرتەیەکی ڤیدیۆیی سەجاد حوسێن یاریزانی پێشووی یانەی زەوڕا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، ئەو یاریزانە دێرینە جلی پۆلیسی پۆشیوە و وەکو یەکێک لە تیمەکانی بەرگری شارستانی وەکو پاسەوانی یاریگاکە ئامادەیە، گەرچی سەجاد حوسێن کڵاوی لەسەر کردووە، بەڵام هاندەرانی زەوڕا دەیناسنەوە و هەمووان چەپڵەی بۆ لێدەدەن و رێزی لێدەگرن.
سەجاد حوسێن پێشتر لە ریزی یانەی زەوڕا یاریی کردووە و درێسی هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێراقیشی پۆشیوە، بۆیە لە سۆشیاڵ میدیا ڤیدیۆیەکەی دەنگدانەوەی دروستکردووە و میدیاکاران و هاندەران و یاریزانە دێرینەکانی عێراق داوا لە وەزیری ناوخۆی عێراق دەکەن، لێخۆشبوون لە ئەرکەکانی ئەو یاریزانە دێرینە بکات و چیدیکە لە یاریگاکان وەکو پۆلیسی بەرگری شارستانی ئەرکەکانی رانەپەڕێنێت.