ئالێگری سزادرا و یاریدەدەرەکەی سڕکرا
یاریگا-ماسیمیلیانۆ ئالێگری لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی ئیتاڵیاوە سزادرا.
یوڤێنتۆس لەم هەفتەیەی خولی ئیتاڵی بەرامبەر ئودێنزی شکستییان هێنا و ئالێگری راهێنەریش بەهۆی قسەوتن بە ناوبژیوان بە 10 هەزار یۆرۆ سزادرا. هەروەها یاریدەدەرێکی لەبەر هەمان هۆکار بۆ یارییەک سڕکرا.
یۆڤی توانی ترس بخاتە دڵی ئینتەر و جیاوازییەکە کەمبکاتەوە لە رکابەری بەدەستهێنانی سکودێتۆ ، بەڵام لە کۆتا سێ یاری دا، یۆڤی تەنها یەک خاڵی کۆکردووەتەوە پاش بەرامبەربوون لەگەڵ ئیمپۆلی و شکست بەرامبەر ئینتەر و ئودێنزی. ئەمەش وایکرد ئینتەر جارێکی تر 7 خاڵ پێشبکەوێت و یارییەکیش کەمتری کردووە.
بەگوێرەی فوتبۆڵ ئیتاڵیا، ئالێگری کەوتووەتەوە ژێر فشاری هاندەران و داوا دەکرێت دووربخرێتەوە، لە یانەکەشدا ئەم بۆچوونە قورسایی زیاتری کۆکردووەتەوە.
یۆڤی لە هیچ پاڵەوانێتییەکی ئەورووپیدا نەماوە و بەهێزترین هیوای بۆ بردنەوەی ناسناوێک لە جامی ئیتاڵیایە کە توانیوییەتی بگاتە قۆناغی پێش کۆتا. لەو قۆناغەشدا مانگی چوار رووبەرووی لازیۆ دەبێتەوە.