ئاسیاعێراقکوردستان

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دوو کچە یاریزانی کوردی بۆ ماوەی ساڵێک سڕکرد

Yariga App

یاریگا –

لەبەر ئەوەی رەتیانکردەوە لەگەڵ هەڵبژاردەی خانمانی عێراق بەشداریی جامی رۆژئاوای ئاسیا بکەن، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڕیاریدا دوو کچە یاریزانی کورد سڕ بکات و بەرپرسێکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستانیشی بە رێگریکردن لێیان تۆمەتبار کردووە.

لێژنەی دیسپلین لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڕیاریداوە هەریەکە لە خەڵات ئەسعەد مستەفا و ئاواز یونس محەمەد یاریزانانی یانەی ئافرەتانی دهۆک لەبەر ئەوەی پەیوەندییان بە کەمپی مەشق و راهێنانی هەڵبژاردەی خانمانی عێراق نەکردووە کە ئێستا لە ئیماراتن، هەردوو کچە یاریزانەکە بۆ ماوەی ساڵێک سڕ بکات و هەریەکەیان بە پێبژاردنی دوو ملیۆن دینار سزا بدات.

لێژنەکەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ناوی سیروان نەجمەدین سکرتێری فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان و مەزن محەمەد راهێنەری یانەی ئافرەتانی دهۆکیشی هێناوە، وەکو دوو کەسی رێگر لە بەردەم دوو کچە یاریزانەکە.

مەزن محەمەد راهێنەری ئافرەتانی دهۆک لە لێدوانێکی بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند :’تەنیا لەبەر ئەوەی ئەم دوو یاریزانە رێزیان لە خولی نایابی فوتساڵی خانمانی کوردستان گرتووە و یەک رۆژ درەنگتر ویستیان پەیوەندیی بە هەڵبژاردەی عێراقەوە بکەن سزادراون، دەیانەوێت لە رێگای لێژنەی خانمانەوە منیش رووبەڕووی سزایەکی قورس بکەنەوە، بەڵام ئێمە هەڵوێستمان دەبێت و پێویستە بەرپرسانی وەرزشی کوردستان هەڵوێستیان هەبێت، چونکە ئەم یاریزانانە بوونە قوربانی خولی کوردستان’.

لەکۆی ئەو 25 یاریزانەی بانگهێشتی هەڵبژاردەی خانمانی عێراق کراون، 13 یاریزانیان کوردن کە ئێستا لە ئیمارات ئامادەکاریی بۆ جامی رۆژئاوای ئاسیا دەکەن و رۆژی 20ـی ئەم مانگە یەکەم یارییان لە پاڵەوانێتییەکە بەرامبەر فەڵەستین دەکەن، کە سعوودیە میوانداریی جامی رۆژئاوای ئاسیا دەکات.

شۆخان نورەدین کچە یاریزانی یانەی هیلالی سعوودی بە هەمان شێوە بەهۆی پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی ئافرەتانی دهۆک و ئەنجامدانی یارییەکی لە خولی فوتساڵی خانمانی کوردستان بەرامبەر سیروانی هەڵەبجە، رۆژێک درەنگتر پەیوەندی کەمپەکەی هەڵبژاردەی عێراق کرد و ئێستا لە ئیمارات ئامادەکاریی بۆ جامی رۆژئاوای ئاسیا دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button