ڤار لە لالیگا دژی ریال مەدریدە؛ لەکاتی دووبارەکردنەوەی گرتەی رووداوی یارییەکان دەستکاریی وێنەکان کراوە

یاریگا –
دوای کەیسی نێگرێرا ئەمجارەیان سکانداڵێکی دیکەی ناوبژیوانان و سیستەمی ڤار لە لالیگا دەوروژێنرێت، سکاڵا لەسەر سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوانانی ئیسپانیا و چەند بەرپرسێکی دیکە و ناوبژیوان تۆمارکراوە و بەوە تۆمەتبارن لەکاتی دووبارەکردنەوەی گرتەی رووداوی یارییەکان دەستکاریی وێنەکان کراوە بۆ ئەوەی زیان بە ریال مەدرید بگەیەنرێت.
سکاڵانداڵێکی دیکەی ڤار و ناوبژیوانانی لالیگا، لەدژی ریال مەدرید دەستکاریی وێنە و گرتەکان دەکرێت
ماڵپەڕی ئێل دیبەیتی ئیسپانی (ElDebate.com) لە راپۆرتێکی بنکۆڵیکاریدا ئاشکرایکردووە، سکاڵا لەسەر لویس مێدینا کانتالیخۆ سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوانانی ئیسپانیا تۆمارکراوە و بەوە تۆمەتبارە لەکاتی دووبارەکردنەوەی وێنە و گرتەی رووداوی یارییەکان، دەستکاریی وێنەکان کراوە لەپێناوی ئەوەی بڕیارەکانی ناوبژیوانان لەدژی یانەی ریال مەدرید بن.
ماڵپەڕی ئێل دیبەیتی ئیسپانی رایگەیاندووە، بەبێ ئەوەی ناو و ناونیشانی ئەو کەسەی سکاڵای کردووە ئاشکرا بێت، سکاڵا لەسەر لویس مێدینا کانتالیخۆ سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوانان و کارلۆس کلۆس گۆمێز بەرپرسی سیستەمی ڤار و چەند ناوبژیوانێک تۆمارکراوە، بەوە تۆمەتبارن لەکاتی پیشاندانەوەی رووداوەکانی یارییەکان بۆ چێککردنەوەیان لەلایەن سیستەمی ڤارەوە دەستکاری وێنەکان و گرتەکان کراوە، بۆ ئەوەی بڕیارەکان لەدژی ریال مەدرید بن.
لە ژوورێکی نهێنییەوە پیلانەکان لەدژی ریال مەدرید جێبەجێ دەکرێن
ماڵپەڕە ئیسپانییەکە نهێنییەکی مەترسیداری ئاشکراکردووە و دەڵێت ژوورێکی نهێنی و جیاواز لە ژووری سیستەمی ڤار دروستکراوە، لەکاتێکدا ئەم ژوورە نهێنییە بەشێک نییە لە پڕۆتۆکەلە فەرمییەکان و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەری ژوورەکە لەگەڵ ناوبژیوانی یارییەکان تۆمار ناکرێت.
جگە لەو دوو بەرپرسەی لە لێژنەی ناوبژیوانان سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە، سکاڵا لەسەر هەیەکە لە ریکاردۆ دێ بۆرگوس، گیێرمۆ کوادرا فێرناندێز، سیزار سوتۆ گرادۆ، ئالیخاندرۆ مۆنییز رویز، پابلۆ گۆنزالێس فوێرتیس، خوان لویس بۆلیدۆ سانتانا، دەیڤید مێدی خێمینێز، ئێگناسیۆ ئێگلیسیاس ڤیلانوێڤا تۆمارکراوە کە ناوبژیوانی یارییەکانن و بەشێکیان لە کەیسی نێگرێرا تێوەگڵاون.
ماڵپەڕە ئیسپانییەکە ئاشکرایکردووە، ئەگەر ئەم سکاڵایە بسەلمێنرێت و سەرپێچییەکان کرابن، دژی پڕۆتۆکۆلی لالیگایە، چونکە بەگوێرەی پڕۆتۆکۆلی خولەکە نابێت جگە لە ناوبژیوانی ڤار کەسی دیکە پەیوەندی بە ناوبژیوانی سەرەکی یارییەکان بکات.