ئێمباپێ پێش واژۆکردنی گرێبەستەکەی سێ مەرجی بۆ ریال مەدرید هەیە
یاریگا –
ئێمباپێ پێش واژۆکردنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید سێ مەرجی بۆ یانە ئیسپانییەکە هەیە، بەڵام فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆچوونێکی دیکەی هەیە.
رادیۆی کادێنا سێری ئیسپانی ئاشکرایکردووە، کیلیان ئێمباپێ هێرشبەری فەرەنسی یانەی پاریس سانجێرمان تاوەکو ئێستا لەگەڵ ریال مەدرید واژۆی لەسەر گرێبەستەکەی نەکردووە، ئەو یاریزانە فەرەنسییە سێ مەرجی هەیە بۆ ئەوەی واژۆ لەسەر گرێبەستەکەی بکات.
یەکەم: ئێمباپێ داوای 50 ملیۆن یۆرۆ مووچەی ساڵانە لە ریال مەدرید دەکات، لەکاتێکدا هیچ یاریزانێکی یانە مەدریدییەکە ئێستا مووچەی ساڵانەی لە 15 ملیۆن یۆرۆ زیاتر نییە.
دووەم: هێرشبەرە فەرەنسییەکە داوای 125 ملیۆن یۆرۆ وەکو شیرینی گرێبەستەکەی دەکات، چونکە بەهۆی کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان، مێرەنگی هیچ پارەیەک لە بەرامبەر گواستنەوەی ئێمباپێ بە پاریس نادات.
سێیەم: ئێمباپێ دەیەوێت تەواوی داهاتی مافی وێنەکانی بۆ خۆی بێت، لەکاتێکدا ریال مەدریدیش دەیەوێت داهاتی مافی وێنەی یاریزانەکانی بۆ یانەکە بێت، بەگوێرەی سەرچاوەی میدیاکان لەوانەیە ریال مەدرید ئامادە بێت %60ـی داهاتی مافی وێنەکان بە ئێمباپێ بدات.
هەڵوێستی ریال مەدرید چییە؟
رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی پێشتر رایگەیاندبوو، ئەگەر ئێمباپێ بیەوێت بچێتە ریال مەدرید دەبێت لە رووی مووچەوە قوربانی بدات و لە بەشێک لە مافەکانی خۆی خۆش بێت، ئەستەمە ریال مەدرید ئامادە بێت مووچەی ساڵانە لە 26 ملیۆن یۆرۆ زیاتری پێبدات.
لەلایەکی دیکەوە فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی ئیتاڵی ئاشکرایکردبوو، فلۆرێنتینۆ پێرێز ئۆفەرێکی کەمتر لە ساڵی رابردوو پێشکەشی ئێمباپێ دەکات.