ئامارێکی خراپ هەڕەشە لە داهاتووی رۆدریگۆ دەکات لەگەڵ ریاڵ مەدرید
رۆدریگۆ گۆیس هێرشبەری ریاڵ مەدرید ئامارێکی خراپی لەم ساڵدا تۆمارکرد.
لە کاتێکدا، یانەکە سەرقاڵی هێنانی کیلیان ئێمباپێ یە، رۆدریگۆ بە ساتەوەختێکی خراپدا تێدەپەڕێت. ناوبراو لە ساڵی 2024دا زیاد لە 600 خولەک یاری کردووە و تەنها یەک گۆڵی هەیە لەو ماوەیەدا.
کۆتا گۆڵی ئەو یاریزانە لە لالیگا لە 17ی مانگی 12ی ساڵی رابردوو بوو. لەوکاتەوە حەوت یاری دوای یەکە لە لالیگا نە گۆڵی هەیە نە ئەسیست. ئەو گۆلەشی لە 2024 تۆماریکردووە لە جامی شا بوو. هەرچەندە ناوبراو لە سەرەتای وەرزدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت بەڵام ئاستە ناجێگیرەکەی کێشەی بۆ دروست کردووە. بە تایبەت کە براهیم دیاز و خۆسێلۆ لەوپەڕی توانایان دان.
رۆدریگۆ لە یارییەکەی خیتافی تەنها 15 خولەک پێدرا بەڵام لە دێربی بەهۆی پێکانی ڤینیسیوسە 76 خولەک یاری کرد. ئەگەر بەزوویی نەگەڕێتەوە سەر گۆڵکردن چاوەڕواندەکرێت ئەو یاریزانە پێگەی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکە لەدەست بدات، تەنانەت بەر لەوەی ئێمباپێ یاخود هێرشبەرێکی دیکە بگاتە مەدرید.