تایبەت بە یاریگا؛ شێرکۆ کەریم لە یانەی هەولێر دەمێنێتەوە
یاریگا –
شێرکۆ کەریم لە یانەی هەولێر دەمێنێتەوە و پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی زاخۆ ناکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، شێرکۆ کەریم لە یانەی هەولێر دەمێنێتەوە و ئەم وەرزە لەگەڵ یانەکەی قەڵاومنارە تەواو دەکات، کە رۆژی دووشەممە (5ـی شوباتی 2024) دەرگای گواستنەوەی زستانەی یاریزانان لە عێراق دادەخرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی یاریگا، سەرەڕای ئەوەی پێشتر بەرپرسانی یانەی زاخۆ پەیوەندییان بە شێرکۆ کەریم کردبوو بۆ ئەوەی بیبەنە ریزی یانەکەیان، بەڵام تاوەکو ئێستا یانەی زاخۆ هیچ گفتوگۆیەکی لەگەڵ یانەی هەولێر نەکردووە بۆ ئەوەی شێرکۆ جەباری ببەنە یانەکەیان.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی تایبەت بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا، شێرکۆ کەریم لەگەڵ بەرپرسانی یانەی هەولێر گفتوگۆی کردووە و بڕیاریداوە هەر لە یانەکەی قەڵاومنارە بمێنێتەوە، لەکاتێکدا کاپتنەکەی هەولێر بایکۆتی مەشق و راهێنانەکانی کردبوو، لەگەڵ یانەکەی نەچووە بەغدا و بەشداریی دوو یارییە دۆستانەکەی یانەکەی نەکرد.
شێرکۆ کەریم هاوینی رابردوو بەرامبەر 400 ملیۆن دینار گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی هەولێر نوێکردەوە، کە لەم وەرزە لە 12 یاری سێ گۆڵی بە درێسی یانەکەی پایتەخت کردووە.