لە دوای 23 سال کارکردن، بارسێلۆنا کارمەندێکی یانەکەی دوور دەخاتەوە
یاریگا –
بەڕێوەبەرانی یانەی بارسێلۆنا، بڕیاریاندا یەکێک لە کارمەندە دێرینەکانی یانەکەیان لە کارەکەی دووربخەنەوە، کە لەلای یاریزانەکانی بارسێلۆنا زۆر خۆشەویست و بەناوبانگ بوو.
بارسێلۆنا لە چەند هەفتەی رابردوودا رووبەڕووی چەندین قەیران نوێ بووەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە دەنگۆی زۆر لە دەوری ئەو یانەیە دروست بکرێت.
لوتکەی ئەم دەنگۆیانە پەیوەندی بە بڕیارەکەی چاڤیەوە هەبوو کە لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە گوتی لە کۆتایی وەرز بارسێلۆنا جێدەهێڵم.، ئەمەش مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و جارێکی دیکە رەخنەکانی لە بەڕێوبەراتی ئەم یانەیە زیاتر کرد، ئێستاش بە بڕیارێکی لە ناکاو رەخنەکانیان زیاتر کرد.
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی بڵاویکردەوە، یانەی بارسێلۆنا مۆنتسیرات ڤیناردێلی یەکێک لە کارمەندانی یانەکەی کە بۆ ماوەی 23 ساڵ یاریدەدەری شەخسی یاریزانەکان بوو، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە کارەکەی دوورخستووەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ڤیناردێلی ماوەی 23 ساڵە لەم یانەیە هاوکاری یاریزانەکان دەکات و بە کەسایەتی خۆشەویستی ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنا ناسراوە و پەیوەندییەکی زۆر باشیشی لەگەل هەموو یاریزانەکاندا هەبووە و ئەم بڕیارە لە ناکاوەی ئیدارەی یانەکە یاریزانانی تووڕە کردووە.
ئەم رۆژنامەیە جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەڕێوەبەرانی بارسا ئەم بڕیارەیان داوە تاوەکوو بتوانن ئەو کەسەی کە خۆیان دەیانەوێت و لە بازنەی کەسانی نزیک لە یانەکەیە، لە شوێنی ئەودا دابنێن.