بۆچی ئێمباپێ بێدەنگی هەڵبژاردووە و لەبارەی چوونی بۆ ریال مەدرید قسە ناکات؟
نوێترین زانیاری لەبارەی داهاتووی ئێمباپێ
یاریگا –
ئێمباپێ لەسەر داوای پاریس سانجێرمان لەم مانگە هیچ قسەیەکی لەبارەی چوونی بۆ ریال مەدرید نەکردووە و ریال مەدرید دەیەوێت ئێمباپێ و بێڵینگهام و ڤینیسیۆس بەیەکەوە کۆبکاتەوە.
خۆسیێ فێلیکس دیاز، رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیسپانی لە گوتارێکی لە رۆژنامەی مارکا لەبارەی ئێمباپێ نووسیویەتی :’کیلیان ئێمباپێ بە درێژایی مانگی یەک هیچ قسەیەک و جولەیەکی لەبارەی داهاتووی خۆی نەکرد، چونکە یانەی پاریس سانجێرمان داوایان لێکردبوو، لەپێناوی بەرژەوەندی یانەکە و تۆپی پێی فەرەنسی هیچ قسەیەک نەکات، بۆ ئەوەی سەقامگیری دروست بێت، چونکە یانەکە لە رووی ئابوورییەوە پێویستی بە بێدەنگی ئێمباپێ بوو، خولی فەرەنسیش بۆ فرۆشتنی مافی پەخشی خولەکە زیانی بەردەکەوت’.
ئێمباپێ لەسەر داوای پاریس سانجێرمان لە مانگی رابردوو هیچ قسەیەکی لەبارەی داهاتووی خۆی نەکرد و بێدنەگی هەڵبژارد.
رۆژنامەنووسە ئیسپانییەکە ئاشکرایکردووە :’لەوەتەی رۆژی یەکەمی ساڵی نوێ ئێمباپێ دەیتوانی قسە بکات و دەست بە گفتوگۆ بکات بۆ ئەوەی داهاتووی خۆی یەکلا بکاتەوە، بەڵام وەکو رێزێک بۆ داوایەکەی پاریس سانجێرمان بێدەنگی هەڵبژارد، چونکە هێرشبەرە فەرەنسییەکە نایەوێت هیچ زیانێک بە پاریس سانجێرمان بکەوێت’.
فێلیکس دیاز راشیگەیاندووە ‘ریال مەدرید بە درێژایی ئەم مانگەی بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان هیچ جولەیەکی بۆ گواستنەوەی هێرشبەرە فەرەنسییەکە نەکردووە، بەڵام بەردەوام لە مەدرید قسە لەبارەی چۆنیەتی گواستنەوەی ئێمباپێ دەکرێت، تەنانەت هەفتەی رابردووش لە ڤالدێبێباس قسە لەبارەی گواستنەوەی ئێمباپێ کراوە، ریال مەدرید دەیەوێت سێکچوکەی MBV (ئێمباپێ و بێڵینگهام و ڤینیسیۆس) لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ کۆبکاتەوە، کە ئێستا سێ باشترین یاریزانی جیهانن’.
ئێمباپێ هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتایی دێت و هاوینی رابردوو هێرشبەرە فەرەنسییەکە بە فاکسێک یانەکەی ئاگادار کردەوە هیچ نیازێکی نییە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، کە بەگوێرەی بەندێکی گرێبەستەکەی پاریس و ئێمباپێ دەتوانن بە رێککەوتن بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە گرێبەستەکەی نێوانیان درێژ بکەنەوە.