کاساس واز لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق دەهێنێت
یاریگا –
کاساس لە رێگای میدیاکانی ئیسپانیاوە هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوە لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق دەکات، میدیا عێراقییەکانیش دەڵێن دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەیەکی کەنداو.
خیسۆس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە دیمانەیەکی لەگەڵ میدیا ئیسپانییەکان دەڵێت :’دەگەڕێمەوە ئیسپانیا و لەگەڵ خێزانەکەم بڕیار لەبارەی بەردەوام بوونم لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق یان دەستلەکارکێشانەوەم دەدەم، ئەوەی میدیاکارەکان لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەکەی ئوردن بەرامبەر من کردیان، خێزانەکەم بە جۆرێکی دیکە دەیبینن و هەست بە راڕایی و نیگەرانی دەکەن’.
من کەوتوومەتە شەڕی نێوان میدیاکاران و فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، خێزانەکەم هەست بە دوودڵی و نیگەرانی دەکەن، پێویستە بەیەکەوە بڕیار بدەین.
کاساس لەبارەی رۆژنامەنووسە عێراقییەکان دەڵێت :’حەفت کەس کە ئینستاگرامیان هەیە و خۆیان پێ رۆژنامەنووسە، هەندێک شتیان لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە باس کرد کە زۆر بێ مانا و پووچ بوون، تەنانەت یەکێکیان هەڕەشەی دەکرد، ئەوانە حەز بە پشێوی دەکەن، من دانیشتبووم و هیچ جولەیەکم نەکرد، هیچ مەترسییەکم لەسەر نەبوو، بەڵام ئەوان دەیانویست وێنە و ناوبانگی عێراق لەکەدار بکەن، هەزاران نامەی پشتیوانی و خۆشەویستیم لەلایەن هاندەرانەوە پێگەیشتووە’.
راهێنەرە ئیسپانییەکە دەشڵێت :’من کەوتوومەتە شەڕی نێوان رۆژنامەنووسان و فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، من دەگەڕێمەوە ئیسپانیا لەگەڵ خێزانەکەم پشوو دەدەم، ئەندامانی خێزانەکەم کەمێک نیگەرانن، پێویستە من لەگەڵ هاوژینەکەم و کچەکەم و باوکم گفتوگۆ لەبارەی داهاتووم بکەم، چونکە من ناتوانم بەبێ ئەوان بڕیار بدەم، بڕیاری خۆم لەبارەی بەردەوام بوونم یان دەستلەکارکێشانەوەم دەدەم’.
حەیدەر زەکی رۆژنامەنووسی عێراقی دوای بڵاوبوونەوەی دیمانەکەی کاساس رایگەیاند، راهێنەرە ئیسپانییەکە لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی یەکێک لە وڵاتەکانی کەنداو رێککەوتووە و دەیەوێت رووداوەکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە بکاتە بیانوو، بۆ ئەوەی بە رەزامەندیی هەردوولا گرێبەستەکەیان هەڵبوەشێننەوە و کاساس ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دیکەی کەنداو.