بازاڕی گواستنه‌وه‌عێراقکوردستان

کۆڕەوی یانەی هەولێر بەردەوامە؛ لەم زستانە هەشت یاریزان یانەکەیان بەجێهێشتووە

Yariga App

یاریگا –

رۆیشتنی یاریزانان لە یانەی هەولێر بەردەوامە، تاوەکو ئێستا لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان هەشت یاریزان یانەکەیان بەجێهێشتووە.

حوسێن جولی نوێترین یاریزانە رۆیشتنی لە یانەی هەولێر راگەیاند، ئەو گۆڵپارێزە لەگەڵ محەمەد موحسین گەشتی بەغدای نەکردبوو، بەفەرمی رۆیشتنی خۆی لە یانەکەی قەڵاومنارە راگەیاندووە و لە پەیامێکی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی :’هەموو سەرەتایەك کۆتاییەکی هەیە، دوای سێ وەرز یاریکردن بۆ یانەی هەولێر بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانم لەو یانەیە جیا دەبمەوە کە هەموو شتێکم پێبەخشی، سوپاسی پاڵپشتی هاندەرانی یانەی هەولێر دەکەم، سوپاس هەولێر’.

لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان تاوەکو ئێستا هەشت یاریزان یانەی هەولیریان بەجێهێشتووە، یاریزانەکان بریتین لە ئاسۆ رۆستەم، محەمەد موحسین، عەلا مەهاوی، فرانک ئارهین، برۆنۆ بیسپۆ، رێباز عەبدوڵا و حوسێن جولی.

بەهۆی رۆیشتنی رێباز عەبدوڵا و حوسێن جولی، ئێستا یانەی هەولێر تەنیا یەک گۆڵپارێزی هەیە و پێویستی بە گواستنەوەی گۆڵپارێزی دیکە هەیە، هێشتا عەلی شاخەوانیش لەسەر وەرگرتنی پێشەکی گرێبەستەکەی یان بەجێهێشتنی یانەکە سوورە و بایکۆتی مەشق و راهێنانەکانی یانەکەی کردووە.

هەولێر ئێستا لە بەغدایە و دوێنێ لە یارییەکی دۆستانە 2-1 بە قوە جەوییە دۆڕا و رۆژی هەینی رووبەڕووی شوڕتە دەبێتەوە و دواتر دەگەڕێتەوە هەولێر، یانەکەی قەڵاومنارە دوای دەتسپێکردنەوەی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە یەکەمین یاری میوانداریی نەورۆز دەکات.

هەولێر بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ لە پلەی پازدەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت، لەکاتێکدا وەرزی رابردوو پلەی شەشەمی لە خولەکە بەدەستهێنا.

بابەتی زیاتر

Back to top button