فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا بەیاننامەیەکی لەبارەی یاریی عێراق و ئوردن بڵاوکردەوە
یاریگا –
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا بەیاننامەیەکی لەبارەی رووداوەکانی یاریی عێراق و ئوردن لە قۆناخی 16ـی جامی ئاسیا بڵاوکردەوە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا لەبارەی رووداوەکانی هۆڵی کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەکەی عێراق و ئوردن رایگەیاندووە :’ئەو رۆژنامەنووسانەی لە هۆڵی کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەڵسوکەوتی ناشرینیان کرد و بوونە هۆی دروستبوونی پشێوی، نەک هەر لە جامی ئاسیا، بەڵکو لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکانی داهاتووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا سڕ دەکرێن، بە هەموو شێوەیەک ئیدانەی ئەم جۆرە رووداوانە دەکەین، ئەو رۆژنامەنووسانەی رێگاپێدانیان پێدەدرێت پێویستە لە ئاستی بەرپرسیارەتیدا بن’.
🚨 AFC statement on #AsianCup2023 Round of 16 match between Iraq and Jordan. https://t.co/rrUSZfzUsh
— #AsianCup2023 (@afcasiancup) January 30, 2024
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا لە بەشی دووەمی بەیاننامەکەیدا، پشتیوانی خۆی بۆ عەلیڕەزا فاغانی ناوبژیوانی ئێرانی یارییەکەی عێراق و ئوردن دووپاتکردووەتەوە و رەتیکردووەتەوە هیچ کۆمێنتێک یان بۆچوونێک لەبارەی بڕیارەکانی ناوبژیوانەکە بڵاو بکەنەوە، لە بەیاننامەکەدا هاتووە ‘بەهەموو شێوەیەک دژای ئەو سووکایەتی و بێڕێزیانەین بەرامبەر ناوبژیوانی یارییەکە دەکرێت، ئەرکی ئێمە پاراستی یاریزانان و راهێنەران و ناوبژیوانان و سەرپەرشتیارانە لە فیدراسیۆنی تۆپی پێ’.
دوای رووداوەکانی یارییەکەی عێراق و ئوردن، هاندەرانی عێراق لە سۆشیاڵ میدیا هێرشێکی توندیان کردە سەر ناوبژیوانی یارییەکە و لە ئینستاگرام جنێویان بەو ناوبژیوانە ئێرانییە دەدا، دوای یارییەکەش چەند رۆژنامەنووسێکی عێراقی بە توندی هێرشیان کردە سەر خیسۆس کاساس و ویستیان پەلاماری بدەن.