ئاسیاجامی ئاسیا 2023راپۆرتی تایبەتعێراق

ناوبژیوانە ئێرانییەکە بۆ رقی لە عێراق دەبێتەوە؟ نەشئەت ئەکرەم و کەرار جاسم ئاشکرای دەکەن

Yariga App

یاریگا –

عەلیڕەزا فاغانی ناوبژیوانی ئێرانی پاڵەوانی دوێنێ دووشەممە بوو، بووە ئەستێرەی یارییەکەی عێراق و ئوردن، کە شێرەکانی رافیدەین 3-2 تووشی شکست بوون، ماڵئاواییان لە جامی ئاسیا کرد، دوای یارییەکە تەواوی میدیاکانی عێراق هێرشێکی توندیان کردە سەر ئەو ناوبژیوانە ئێرانییە.

نەشئەت ئەکرەم: ئەم ناوبژیوانە بە رقەوە کارتە سوورەکەی بەرزکردەوە و زوڵمی لە عێراق کرد

نەشئەت ئەکرەم ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق دوای یارییەکە لەبارەی ناوبژیوانە ئێرانییە – ئوستڕاڵییەکە گوتی :’من تێناگەم چۆن ئەم ناوبژیوانە ئوستڕاڵییە بۆ یاریی عێراق و ئوردن دەستنیشانکراوە لەکاتێکدا دەکرێت لە قۆناخی پێش کۆتایی ئەگەر عێراق سەربکەوێت رووبەڕووی ئوستڕاڵیا بێتەوە.

نەشئەت لەبارەی کارتە سوورەکەی ئەیمەن حوسێن گوتی :’ماوەی ئاهەنگگێڕانی یاریزانانی ئوردن لە ماوەی ئاهەنگگێڕانی ئەیمەن حوسێن زیاتر بوو، یاریزانانی ئوردن خولەکێک و 30 چرکە ئاهەنگیان گێڕا و ئەیمەن حوسێن خولەکێک و 16 چرکە ئاهەنگی گێڕا، کەچی ناوبژیوان لەبەر ئەوەی رق و کینەی بەرامبەر ئەیمەن هەبوو کارتی سووری بەڕوودا بەرزکردەوە و بڕیارێکی نادادپەروەرانەی دا، سەیری زمانی جەستەی ناوبژیوان بکەن کاتێک کارتە سوورەکە بەڕووی ئەیمەن بەرز دەکاتەوە، زۆر روون و ئاشکرا دیارە بە رقەوە بڕیارەکەی داوە’.

کەرار جاسم: ئەم ناوبژیوانە رقی لە عێراق و یاریزانانی عێراقی دەبێتەوە

کەرار جاسم ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق کە هێشتا لە یاریکردن بەردەوامە و لە یانەی نەفتی وەسەت یاریی دەکات، لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام گرتەیەکی ڤیدیۆیی خۆی بڵاوکردووەتەوە کاتێک لە یانەی ئیستیقلال یاریی دەکرد، لە یەکێک لە یارییەکانی خولیئ ئێرانی ئەو ناوبژیوانە بە کارتی سوور دەیکاتە دەرەوە.

کەرار لەبارەی ناوبژیوانەکە نووسیویەتی :’کاتێک من لە ئێران یاریم دەکرد بەهۆی ئەو رق و کینەی بەرامبەر عێراق و یاریزانانی عێراقی هەیەتی دوو جار لە یارییەک منی دەرکرد، بەداخەوە لە خۆشییەکان بێبەشی کردین’.

راستییەکی سەیر؛ هەمیشە عێراق لەگەڵ ئەم ناوبژیوانە دۆڕاوە!

عەلیڕەزا فاغانی لە کاروانی ناوبژیوانییەتیدا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال و جامی ئاسیا چوار یاریی هەڵبژاردەی عێراقی بەڕێوە بردووە، عێراق سەرجەمیانی دۆڕاندووە، ئەم ناوبژیوانە ئێرانی – ئوستڕاڵییە دوو یاریی عێراقی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال بەرامبەر ئوستڕاڵیا بەڕێوە بردووە، ساڵی 2013 عێراق 1-0 بە ئوستڕاڵیا دۆڕاوە، ساڵی 2016 شێرەکانی رافیدەین بە فیکەی عەلیڕەزا 2-0 دۆڕان.

جگە لەوەی عێراق بە فیکەی ئەم ناوبژیوانە بەرامبەر ئوردن 2-3 دۆڕا و ماڵئاوایی لە جامی ئاسیای 2023 کرد، پێشتریش لە جامی ئاسیای 2015 هەر بە فیکەی ئەم ناوبژیوانە عێراق بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە ژاپۆن دۆڕابوو.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق سکاڵا لەسەر ناوبژیوانەکە تۆمار دەکات

کەناڵی رابیعەی عێراقی ئاشکرایکردووە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیاوە سکاڵا لەسەر عەلیڕەزا فاغانی ناوبژیوانی ئێرانی – ئوستڕاڵی تۆمار دەکات، کە چاوەڕێ دەکرێت ئەم ناوبژیوانە تا کۆتایی جامی ئاسیای قەتەڕ هیچ یارییەکی دیکە بەڕێوە نەبات.

کارتە سوورەکەی ئەیمەن لە میدیا جیهانییەکانیش دەنگدانەوەی هەبوو، زۆربەی میدیا جیهانییەکان لەبارەی کارتە سوورەکەی ئەیمەن کۆمێنت و توانجیان هەبوو، رۆژنامەی ASـی ئیسپانی لەبارەی کارتە سوورەکە نووسیبووی :’سەیرترین کارتی سوور لە مێژوودا، ئەیمەن حوسێن بەهۆی خواردنی چیمەنی یاریگا کارتی سووری پێدرا’.

 

 

بابەتی زیاتر

Back to top button