ئیسپانیا

ئەمڕۆ چاڤی پەیامێکی ئاڕاستەی یاریزانانی بارسێلۆنا کردووە

Yariga App

یاریگا –

ئەمڕۆ چاڤی هێرناندێز دوای ئەوەی بڕیاریدا کۆتایی ئەم وەرزە ریزەکانی بارسێلۆنا بەجێبهێڵێت، پەیامێکی ئاڕاستەی یاریزانەکان کردووە.

خاڤی میگێل رۆژنامەنووسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، چاڤی هێرناندێز راهێنەری بارسێلۆنا ئەمڕۆ یاریزانەکانی کۆکردووەتەوە و گوتارێکی پێشکەش کردوون، راهێنەرەکەی بارسا لەکاتی قسەکانی چەند جارێک خەریکبوو بگری، بەڵام خۆی کۆنتڕۆڵ کردبوو.

‘ئەم بڕیارەم لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدایە، هێشتا لەتواناماندا هەیە مێزەکە ئاوەژوو بکەینەوە و ئەوانە تووشی سەرسوڕمان بکەین کە پێیانوایە ئێمە مردووین’.

راهێنەرەکەی بارسێلۆنا لە گوتارەکەی بۆ یاریزانەکانی بارسا بە یاریزانەکانی گوتووە :’سەرەتا دەمەوێت داوای لێبوردنتان لێبکەم رووداوەکان و بڕیارەکەم بەپەلە و خێرا بوو، بەڵام لە راستیدا من دەمێکە لە ناخەوە بیرم لێکردبووەوە، بەڕاستی پێموایە ئەم بڕیارە لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدایە، من لە کۆڵ ئەم بار و قورساییە دەبمەوە، ئێوەش لەژێر ئەو فشارە زۆرە دەچنە دەرەوە، سوپاسی پابەندبوون و کۆششەکانتان دەکەم، ئێمە هەموومان وەکو یەک خێزانین، هێشتا کاتی ئەوەمان ماوە مێژوو بنووسینەوە، من پێموایە هێشتا لەتواناماندا هەیە مێزەکە ئاوەژوو بکەینەوە و ئەوانە تووشی سەرسوڕمان بکەین کە پێیانوایە ئێمە مردووین’.

لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی زە ئەتلەتیکی بەریتانی ئاشکرایکردووە، هەرچەندە یاریزانانی بارسێلۆنا لە میدیاکان پشتگیرییان لە چاڤی دەکرد، بەڵام لیڤاندۆڤسکی و چەند یاریزانێکی دیکەی یانەکە پەیوەندییان لەگەڵ راهێنەرەکەیان تێکچووە و بەمدواییانە ساردی کەوتووەتە نێوانیان.

چاڤی دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر ڤیاڕیال رایگەیاند، کۆتایی ئەم وەرزە واز لە راهێنەرایەتی یانەی بارسێلۆنا دەهێنێت، کە لە جامی شای ئیسپانیا کرانە دەرەوە و جامی سوپەری ئیسپانیاشیان لەدەست دا و لە لالیگاش 10 خاڵ لە ریال مەدریدی پێشەنگەوە دوورن.

بابەتی زیاتر

Back to top button