کاساس: یارییەکەمان بەرامبەر ئوردن قورس دەبێت و دیمانەکەم لە بەرنامەی مەجلیس کاریگەری خراپی نابێت
یاریگا –
کاساس پێش یارییەکەیان بەرامبەر ئوردن لە قۆناخی 16ـی جامی ئاسیا هۆشداریی دەداتە یاریزانەکانی و دەڵێت ‘یارییەکەمان قورس دەبێت’.
خیسۆس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لەبارەی یارییەکەی سبەی بەرامبەر ئوردن لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی گوتی :’یارییەکەمان بەرامبەر ئوردن ئاسان نابێت، بەڵام هەر وەکو یارییەکانی دیکە دەبێت، هیوادارم بە هەمان شێوازی یارییەکانی رابردوو یاریی بکەین، ئەگەر هەر هەڵەیەک بکەین لە پاڵەوانێتییەکە دەکرێینە دەرەوە، ئێمە بۆ یارییەکەی سبەی بە پشتیوانی هاندەرانمان ئامادەین و ئوردنیش ئامادەیە’.
کاساس: تەواوی یاریزانەکانمان بۆ یاریی سبەی بەرامبەر ئوردن ئامادەن، متمانەی تەواومان بەخۆمان هەیە.
هەروەها گوتیشی :’تەواوی یاریزانەکانمان بۆ یارییەکەی سبەی بەرامبەر ئوردن ئامادەن، بە ئاستی یاریزانەکانم دڵخۆشم و بە پلانێکی تەکتیکی جیاواز یاریی دەکەین، هەوڵ دەدەین کۆنتڕۆڵی تۆپ بکەین و بە پلانی هێرشبەری یاریی دەکەین، بەڵام هەر یارییەک دۆخێکی تایبەت بە خۆی هەیە’.
هەروەها کاساس دەڵێت :’ئێمە متمانەی تەواومان بەخۆمان هەیە و دەمانەوێت نازناوەکە بەدەست بهێنین، بەڵام ئەرکمان ئاسان نابێت، چونکە چەندان هەڵبژاردەی دیکەی بەهێز لە پاڵەوانێتییەکە هەن و دەیانەوێت نازناوەکە ببەنەوە و بەربژێرن’.
شوف|
خيسوس كاساس مدرب العراق: من الغباء ربط نتائج المباريات باللقاءات التلفزيونية التي اجريتها قبلها#هيا_آسيا | #كأس_آسيا2023 #قطر2023 | #AsianCup2023 #كاس_آسيا_قنوات_الكاس #شوف_الكاس pic.twitter.com/9EEjhJ8Cqc— قنوات الكاس (@AlkassTVSports) January 28, 2024
راهێنەرە ئیسپانییەکە لەبارەی بەشداریکردنی دوو رۆژ لەمەوبەری لە بەرنامەی مەجلیس لە کەناڵی کاسی قەتەری گوتی :’من بەردەوام پێش یارییەکان لێدوان و دیمانەم هەبووە، سێ رۆژ پێش یارییەکەی ژاپۆن دیمانەیەکم لەگەڵ رۆژنامەی مارکا کرد، سێ رۆژ پێش یارییەکەی ڤیێتنامیش دیمانەیەکم لەگەڵ رادیۆی کادێنا سێر کرد، سێ رۆژ پێش ئێستا بۆ ماوەی کاتژمێرێک دیمانەیەکم لەگەڵ رۆژنامەیەکی ئیماراتی کرد و پێشتریش دیمانەیەکم لەگەڵ کۆچس ڤۆیس کردبوو کە ماڵپەڕێکی ئیسپانییە، نازانم پێش یارییەکان من قسەم کرد و بردمانەوە، ئەگەر سبەی بەرامبەر ئوردن بدۆڕێین لەوانەیە هەندێک کەس هەبن بڵێن ئەمە بەهۆی کاساسەوە بوو، بەڵام ئەم قسەیە زۆر گەمژانەیە، ئەوانەی ئەم قسانە دەکەن ئامانجیانە زیان بە هەڵبژاردەی عێراق بگەیەنن’.
دوای نیوەڕۆی سبەی دووشەممە (29ـی یەنایەری 2024)، عێراق لە قۆناخی 16ـی جامی ئاسیا رووبەڕووی ئوردن دەبێتەوە.