جامی ئاسیا 2023عێراق

کاساس: بایش شایستەی ئەوەیە لە ئەوروپا یاریی بکات و لە ئوردن دەبەینەوە

Yariga App

یاریگا –

خیسۆس کاساس راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دوو رۆژ پێش یارییەکەیان بەرامبەر ئوردن لە قۆناخی 16ـی جامی ئاسیا بەشداریی بەرنامەی مەجلیسی کەناڵی کاسی قەتەڕی کرد، ئەو راهێنەرە ئیسپانییە دەڵێت ‘تاوەکو ساڵی 2026 گرێبەستم لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق هەیە و ئامانجمە هەڵبژاردەکە بگەیەنمە مۆندیالی داهاتوو بۆ ئەوەی گەلی عێراق دڵخۆش بکەم’.

خیسۆس کاساس لە بەشێکی بەرنامەکەدا گوتی :’پێش یارییەکەمان بەرامبەر ژاپۆن بە یاریزانەکانم گوت دەتوانین لێیان ببەینەوە، لە پشووی نێوان هەردوو گێمیش پێمگوتن بەمشێوەیە بەردەوام بن، دڵنیابن لێیان دەبەینەوە، کاتێک بەرامبەر ژاپۆن یاریی دەکەی، پێویستتت بەوە نییە هانیان بدەی، تەنیا پێویستە لە رووی تەکتیکییەوە یارمەتییان بدەی’.

‘ئیبراهیم بایش لە هەموو یارییەک بە سەرەکی یاریی پێ دەکەم، چونکە باشترین یاریزانی عەرەبییە و شایستەی ئەوەیە لە یەکێک لە خولە بەهێزەکانی ئەوروپا یاریی بکات’.

لەبارەی یاریزانەکانیشی دەڵێت :’ئیبراهیم بایش لە سەرجەم یارییەکان بە سەرەکی یاریی پێدەکەم، چونکە پێموایە بایش باشترین یاریزانی عەرەبییە و شایستەی ئەوەیە لە یەکێک لە خولە بەهێزەکانی ئەوروپا یاریی بکات، لە رووی توانای جەستەییەوە زۆر باشە و خۆی ماندوو دەکات’.

هەروەها کاساس دەشڵێت :’بەهیچ شێوەیەک کەس دەستوەردان لە کاروبارەکانمان ناکات، هەرکاتێک دەستوەردان هەبێت من یەکسەر دەگەڕێمەوە ئیسپانیا، لە دەستنیشانکردنی یاریزانان گرنگی بەوە نادەین کامیان لە یانەکانیان سەرەکین، گرنگ ئەوەیە یاریزانەکە باش بێت، بەشێکیان لە یانەکانیان سەرەکی نین، کەچی ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکەن’.

راهێنەرەکەی عێراق دەشڵێت :’ئێمە دەمانەوێت لە ئوردن ببەینەوە، ئوردن هەڵبژاردەیەکی زۆر باشە، بەتایبەتی لەمدواییانە زۆر بەرەو پێشەوە چوون، بەڵام دەمانەوێت لێیان ببەینەوە’.

دەشڵێت :’قسەی میدیا عێراقییەکان کاریگەری لەسەر یاریزانەکانی هەڵبژاردەی عێراق دروست دەکات، وەکچۆن ئەمە لە ئیسپانیا و ئینگلتەراش هەیە، بەتایبەتی درۆی میدیاکان کاریگەری زۆری دەبێت، من ئازار دەچێژم کاتێک دەبینم هاندەرانی عێراق بەمشێوەیە رەخنە لە یاریزانانی هەڵبژاردەکەیان دەگرن’.

بابەتی زیاتر

Back to top button