ئەوەی ریال مەدرید چاوەڕێی دەکرد ئێمباپێ ئەنجامی دا
یاریگا –
کیلیان ئێمباپێ خۆی یەکلاکردەوە و ئەوەی ریال مەدرید ساڵانێکە چاوەڕێی دەکات، ئەنجامی دا و هاوینی داهاتوو دەبێتە یاریزانی ریال مەدرید.
رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی ئاشکرایکردووە، کیلیان ئێمباپێ بڕیاری کۆتایی خۆی داوە و خۆی یەکلاکردووەتەوە، هاوینی داهاتوو بە گرێبەستێکی ئازاد وەکو یاریزانێکی سەربەست پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدریدەوە دەکات، لەکاتێکدا چەند ساڵێکە بەرپرسانی مێرێنگی چاوەڕێی ئەم بڕیارەی ئێمباپێ دەکەن.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی میدیا ئەوروپییەکان، ئێمباپێ دەیەوێت ساڵانە 70 ملیۆن یۆرۆ مووچە وەربگرێت، کەچی فلۆرێنتینۆ پێرێز دەیەوێت لە 35 ملیۆن یۆرۆ زیاتر بە هێرشبەرە فەرەنسییەکە نەدات.
ئێمباپێ هاوینی رابردوو لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاند، بە فاکسێک بەرپرسانی یانەکەی ئاگادار کردووەتەوە، نیازی نییە گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس درێژ بکاتەوە، کە بەگوێرەی بەندێکی گرێبەستەکەی دەتوانرێت هاوینی داهاتوو بۆ ساڵێکی دیکەش گرێبەستەکەی درێژ بکرێتەوە.
ئێمباپێ لەم وەرزە لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە 26 یاری 28 گۆڵی کردووە و 4 گۆڵیشی بۆ هاوڕێیەکانی دروستکردووە.