ئاسیاجامی ئاسیا 2023گرنگترین

بەشار رەسەن باسی یارییەکەی ژاپۆن و ئامانجی داهاتووی عێراق دەکات

زۆر بە سادەیی لە ژاپۆنمان بردەوە

Yariga App

یاریگا –

بەشار رەسەن، ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت: یاریزانانی عێراق سەرکەوتبەکەیان بەرامبەر ژاپۆن لەبیر کردووە و بیر لە بەدەستهێنانی سێ خاڵیتر بەرامبەر ڤێتنام دەکەنەوە.

دوای بردنەوەی دوو سەرکەوتنی بەرامبەر ئەندەنوسیا و ژاپۆن، هەڵبژاردەی عێراق لە سێیەمین یاریی قۆناخی کۆمەڵەکان سبەی لە کاتژمێر 14:30 نیوەڕۆ، رووبەڕووی هەڵبژاردەی ڤێتنام دەبێتەوە.

بەشار رەسەن جەخت لەوە دەکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی عێراق سەرکەوت بۆ قۆناخی داهاتوو بەڵام سێ خاڵ لە یارییەکەی سبەینێدا گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ عێراق و تەنها بیر لە بردنەوەی ئەم یارییە دەکەنەوە.

ناوەڕاستکارە عێراقییەکە پێش یارییەکەی بەرامبەر ڤێتنام لەگەڵ خیسۆس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بەشداری کۆنگرە رۆژنامەوانی کرد و رایگەیاند:

راستە ئەنجامی ئەم یارییە بۆ ئێمە گرنگ نییە، بەڵام ئامانجمان ئەوەیە هەمیشە سەرکەوتن بەدەستبهێنین.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە سەرکەوتنی بەرامبەر ژاپۆن و پاڵپشتی هاندەرانی عێراق، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:

پیرۆزبایی لە هاندەران دەکەین. بوونی ئەوان پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ ئێمە و هیوادارین هەمیشە دڵخۆشیان بکەین. لە یاری ژاپۆن بینیمان چۆن پشتگیریان کردین، پاڵپشتی ئەوان فشارمان لەسەر دروست ناکات، وامان لێدەکات هەوڵبدەین دڵخۆشیان بکەین. هیوادارم سبەی بەدرێژایی 90 خولەک پشتگیریان بەردەوام بێت و ئەوەش جیاوازی بۆ ئێمە لە یاریگا دروست دەکات.

بەشار رەسەب و خیسۆس کاساس لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی یاریی بەرامبەر هەڵبژاردەی ڤیێتنام

بەشار لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بەوەی کە زۆر کەس عێراق بە پاڵێوراوی سەرەکی نازناوەکە دەزانن و ئەمەش رەنگە بیانخاتە ژێر فشارەوە، گوتی:

هەموو مرۆڤێک لەژێر فشاردایە، بەڵام ئێمە تێدەگەین کە یاری کردن لە هەڵبژاردەی عێراقدا بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە. ئەمە تۆپی پێیە و ئەوە وردەکارییە سادەکانن کە دەتوانن بەرەو شتە گەورەکانت ببەن. پێم وایە تیپە ئاسیاییەکان زیاتر لە پێشوو باشتر بوون. یارییەکانی پێشوومان بینی؛ راستە ئێمە بەرامبەر ژاپۆن سەرکەوتنمان بەدەستهێنا کە یەکەم بەربژێری نازناوی پاڵەوانێتییە، بەڵام ئەوە بووە رابردوو. هەموو ئەو تیپانەی سەردەکەون بۆ قۆناخی 16 بەهێزن و یاری سەختیان دەبێت، بەڵام بیرکردنەوەی ئێستامان ئەوەیە کە خاڵی تەواو بەرامبەر ڤێتنام بەدەستبهێنین.

لە کۆتایی قسەکانیدا، بەشار جەختی لەوە کردەوە:

ئەوەی بۆ ئێمە وەک یاریزان گرنگە تەنها سەرکەوتنە. دوای دوو ساڵ هەمووان بیریان دێتەوە کە عێراق لە ژاپۆنی بردەوە، بەڵام کەس بیری نییە کێ بەرگریکار بووە یان هێرشبەر. ئەمەش خاڵێکی ئەرێنییە لە دروستکردنی متمانەبەخۆبوونێکی گەورە لەنێو یاریزانەکاندا و ئامانجمان هەمیشە گەیشتن بە بەرزترین ئاستە.

بابەتی زیاتر

Back to top button