کاساس پێش یارییەکەی ڤیێتنام ستایشی ئاکام هاشم دەکات
یاریگا –
کاساس پێش یاریی سێیەمی هەڵبژاردەی عێراق لە جامی نەتەوەکانی ئاسیا ستایشی ئاکام هاشم یاریزانی لاوی کورد دەکات و دەڵێت ‘من بڕیار دەدەم سبەی کێ یاریی دەکات’.
خیسۆس کاساس، راهێنەری ئیسپانی هەڵبژاردەی عێراق پێش یارییەکەی ڤیێتنام لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ئەگەری بەشداریکردنی ئاکام هاشم لە یارییەکەی سبەی بەرامبەر ڤیێتنام دەڵێت :’ئاکام هاشم یەکەمجارە بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بکرێت، گەرچی ناوی لە پێکهاتەی دوو یاریی رابردوو نەبوو بەڵام لە راهێنانەکان دەیبینم زۆر کۆشس دەکات و خۆی ماندوو دەکات، من زۆر بە ئاستی دڵخۆشم، وەکو هەر یاریزانێکی دیکە بۆ یارییەکەی سبەی ئامادەیە و دەرفەتی یاریکردنی هەیە’.
هەروەها راهێنەرە ئیسپانییەکە دەڵێت :’پێموایە بۆ یارییەکەی سبەی چەند گۆڕانکارییەک لە پێکهاتەی سەرەکی دەکەین، چونکە من متمانەی تەواوم بە یاریزانە سەرەکی و یەدەکەکان هەیە و پێموایە هەموویان یاریزانی گرنگن و هەریەکێکیان لێهاتوون، لە یاریی رابردوو ئێمە پێنج گۆڕانکاریمان لە پێکهاتەی سەرەکی کرد، بەشێک لە یاریزانەکانمان ماندوون، بۆیە لەوانەیە لەم یارییە گۆڕانکاریی زیاتر بکەین، من بڕیار دەدەم سبەی کێ بەشداریی یارییەکە دەکات’.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، ئاکام هاشم سبەی لە یاریی بەرامبەر ڤیێتنام بەشداریی دەکات، بەڵام مسۆگەر نییە بە سەرەکی یاریی دەکات یان وەکو یاریزانی یەدەک دەچێتە ناو یاریگا، هەریەکە لە ئالان محێدین و ئەحمەد عەلی و یوسف ئەمین و مێرخاس دۆسکی و ئوسامە رەشیدیش سبەی دەرفەتی یاریکردنیان زۆرە.