پێنج گۆڕانکاری گرنگ لە پێکهاتەی عێراق بەرامبەر ڤیێتنام ده‌كرێت
یاریگا –
هەڵبژاردەی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤیێتنام لە گه‌ڕی سێیەم و کۆتایی رکابەرییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی ئاسیا باس لە گۆڕانکاری لە پێکهاتەی سەرەکی عێراق ده‌كرێت.
بڕیارە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو کاتژمێر 02:30 پاش نیوەڕۆ بەکاتی هه‌رێمی كوردستان یارییەکە لە یاریگای جاسم بن حەمەد بەڕێوەبچێت.
عێراق بە کۆکردنەوەی شه‌ش خاڵ لە دوو یاریدا بەتەنها لە پێشەنگی ریزبەندی كۆمه‌ڵه‌ی چواره‌مه، هەر یەك لە ژاپۆن و ئیدۆنیزیا خاوه‌نی سێ خاڵن، شێره‌كانی رافیده‌ین پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەیان مسۆگەر کردووه.
خیسوس کاساسی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لانیکەم پێنج گۆڕانکاری گرنگ لە پێکهاتەی عێراق بەرامبەر ڤیێتنام دەکات، ئەمەش لەبەر چەند هۆکارێک، لەوانە پشوودان بەو یاریزانانەی کە بەشداری یارییەکانی نێوان ئیدۆنیزیا و ژاپۆنیان کردووە، بۆ ئاماده‌بوونیان بۆ یاری قۆناخی شازده، هه‌روه‌ها بۆ دوور بوون له پێكان و كارتی زه‌رد و سور.
دیارترین ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی چاوەڕوان ده‌كرێت لە پێکهاتەی عێراق بەرامبەر ڤێتنام بكرێت ئه‌مانه‌ن:
گۆڵپارێز:
راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، ده‌یه‌وێت جەلال حەسەنی کاپتنی شێرەکانی دوو رووبار پشوو بدات و فەهد تالیب یان ئەحمەد باسیل به‌شداری بكات، بەو پێیەی راهێنەرە ئیسپانییەکە دەیەوێت شەرەفی بەشداریکردن لە جامی ئاسیا بە گۆڵپارێزەکان بدات.
هێڵی بەرگری:
لانیکەم گۆڕانکارییەک بەخۆیەوە دەبینێت، پێدەچێت سەعد ناتقی بەرگریکار لەسەر کورسی یەدەگ بێت، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە وەرگرتنی کارتی لێبكات کە رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی لە قۆناخی داهاتوودا بەشداری نەکات، بۆیە پێشبینی دەکرێت هەردوو یاریزان، رێبین سولاقە و عەلی عەدنان له دڵی به‌رگری یاری بکەن.
هەروەها رەنگە بەرگریکاری راستیش گۆڕانکاری بەخۆیەوە ببینێت، چانسی به‌شداریكردنی ئالان محێدین زیادی کردووە، دوای ئاستە به‌رزه‌ی لە مەشق و راهێنانەکاندا، پێشكه‌شی كردووه، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە لە شوێنی حسێن عەلی یاری بكات، بەمەش یاریزانەکە بۆ یەکەمجار بەشداری جامی ئاسیا ده‌كات.
هێڵی ناوەڕاست:
ره‌نگه له‌م هێڵە چه‌ند گۆڕانکارییه‌ك بكرێت، ئه‌مه‌ش بە لەبەرچاوگرتنی ماندووبوونی یاریزانانی هێڵی ناوەڕاست لە یارییەکەی ئیدۆنیزیا و ژاپۆن، بەتایبەت ئەمیر ئەلعەماری، بەمەش یاریزان ئەحمەد عەلی بووەتە پاڵێوراوێکی بەهێز بۆ بەشداریکردن لە یارییەکە.
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت زیدان ئیقباڵ له شوێنی ئوسامە رەشید و مونتەزەر مەجید لە سه‌ره‌تاوه بەرامبەر ڤیێتنام بەشداری یارییەکە بکات بە مەبەستی پشوودان به ئیبراهیم بایش، چونكه زۆرترین راکردنی لە دوو یاری یه‌كه‌م به‌رامبه‌ر هەردوو هه‌ڵبژارده‌ی ئەندەنوسیا و ژاپۆن، هه‌بووه.
هێڵی هێرشبەر:
دوای ئەوەی ئەیمەن حسێن و موهەنەد عەلی، ده‌رفه‌تی یاریكردنیان وه‌رگرت و ئاستێكی به‌رزیان پێشكه‌ش كرد، ئێستا کاتی ئەوەیە، عەلی حەمادی هێرشبەری ویمبڵدۆنی ئینگلیزی یاری بكات، زۆرێک چاوەڕێی ئاستێکی نایابی لێ دەکەن.
ئەیمەن حسێن بەهۆی هه‌ستكردن به ئازار له قاچی لەنێو بژاردەکانی کاساسدا نابێت، موهەنەد عەلیش لەسەر کورسی یەدەگ دەبێت، بەڵام ره‌نگه چه‌ند خولەکێك یاری بكات بۆ ئەوەی هەستیاری یارییەکان لەدەست نەدات.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاساس ده‌یه‌وێت ده‌رفه‌ت به‌و یاریزانانه‌ش بدات كه یارییان له جامی ئاسیا نه‌كردووه، چونكه هه‌ڵبژارده‌كه هه‌موو شتێكی له قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كان یه‌كلاكردۆته‌وه چاوه‌ڕوانی ئه‌وهه‌ڵبژارده‌یه ده‌كات له قۆناخی شازده رووبه‌رووی ده‌بێته‌وه.