حەیدەر عەبدولئەمیر بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا: عێراق دەگاتە پێش کۆتایی جامی ئاسیا
یاریگا –
حەیدەر عەبدولئەمیر راهێنەری نوێێ یانەی هەولێر و ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت :’پێشبینی دەکەم سبەی عێراق و ژاپۆن یەکسان بن و عێراق تاکو قۆناخی پێش کۆتایی جامی ئاسیا بڕوات’.
حەیدەر عەبدولئەمیر لە لێدوانێکی بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا لەبارەی ئاستی هەڵبژاردەی عێراق لە جامی نەتەوەکانی ئاسیا دەڵێت :’هەر راهێنەرێک بەرپرسیارەتی بژاردەکانی خۆی هەڵدەگرێت، کاساس زانیاری لەسەر زۆربەی یاریزانان هەیە و بەشێکی زۆریان دەناسێت، ئەزموونی پێشووی لەگەڵیاندا هەیە و ساڵێکە لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانییە، بۆیە بژاردەکانی ورد دەبن و بەڕای من خۆی بەرپرسیارەتی بژاردەکانی لەئەستۆ دەگرێت، بەڕای من بژاردەکانی باشن و یاریزانەکان باش دەناسێت’.
هەروەها راهێنەرەکەی هەولێر دەشڵێت :’هەر راهێنەرێک دیدگای خۆی هەیە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی، پێموایە پێکهاتەکەی گونجاو و باشە و دەتوانێت رکابەری لەسەر جامی ئاسیا بکات، یاری داهاتوومان لە بەرامبەر ژاپۆن، چارەنووسی هەڵبژاردەکەمان دیاریدەکات، رێگەکەمان ئاسان دەبێت یان قورسی دەکات، ئەگەر ئەنجامێکی ئەرێنی بێت، رەنگە یەکەمی کۆمەڵەکەمان بین، رێگەمان ئاسنتر دەبێت، بەراورد بەوەی لە پلەی دووەمدا بین، دوای ئەمەش، بەگوێرەی پێشبینییەکانم، عێراق دەگاتە قۆناخی پێش کۆتایی’.
حەیدەر عەبدولئەمیر: بە بۆچوونی خۆم سبەی ژاپۆن و عێراق یەکسان دەبن، پێموایە عێراق دەگاتە قۆناخی پێش کۆتایی جامی ئاسیا.
لەبارەی پێشبینی بۆ ئەنجامی یاریی سبەی بەرامبەر ژاپۆن، بەرگریکارەکەی عێراق لە جامی ئاسیای 2007 دەڵێت :’پێشبینیکردن قورسە چونکە هەڵبژاردەی ژاپۆن هەڵبژاردەیەکی گەورەی ئاسیایە، بەردەوام لە گەشەکردندایە، بەڵام هەڵبژاردەکەمان لە باشترین دۆخدایە، متمانەیەکی زۆرمان بە راهێنەر و یاریزانان هەیە، پەنابەخوا ئاستێکی باش پێشکەش دەکەن و پێم وایە ئەنجامی یارییەکە یەکسان دەبێت’.
سبەی عێراق و ژاپۆن لە گەڕی دووەمی کۆمەڵەی چوارەمی جامی نەتەوەکانی ئاسیا بەیەک دەگەن، کە لە یاریی یەکەمیان هەردوو هەڵبژاردە بردنەوەیان بەدەستهێناوە.