چاڤی: دوای لەدەستدانی جامی سوپەر هێشتا سێ نازناومان لە بەردەمدا ماوە
یاریگا –
چاڤی هێرناندێز دوای دۆڕانەکەیان لە یاریی کلاسیکۆ سوپاسی پشتگیرییەکانی گواردیۆلا دەکات و دەشڵێت ‘دوای لەدەستدانی جامی سوپەر هێشتا سێ نازناومان لە بەردەمدا ماوە’.
چاڤی هێرناندێز پێش یارییەکەیان لە جامی شای ئیسپانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی گوتی :’زۆر سوپاسی گواردیۆلا دەکەم، لە بەرامبەر ئەو پشتگیرییانەی لە منی کردووە نامەیەکی سوپاسگوزاریشم بۆی ناردووە، ئەو دەزانێت راهێنەرایەتی بارسێلۆنا چەندە قورسە، بۆیە بە تەواوەتی لە دۆخەکە دەگات، سەرەڕای لەدەستدانی جامی سوپەری ئیسپانیا، خەڵکێکی زۆر پشتیوانییان کردووم، راستە ئێمە نازناوێکمان لەدەست دا، بەڵام هێشتا سێ نازناومان ماوە، هێشتا نازناوی لالیگا و چامپیۆنزلیگ و جامی شای ئیسپانیامان لە بەردەمدا ماوە’.
چاڤی: پێکانەکەی گاڤی وەکو ئەوە وابوو چەقۆیەک لە دڵی ئێمە بدەن، نەبوونی ئەو کاریگەریی گەورەی لەسەر تیپەکەمان هەیە.
چاڤی لەبارەی هۆکاری ئەنجامە خراپەکانیان گوتی :’ئێمە گاڤیمان لەدەست داوە، ئەو رۆحی تیپەکەمانە، ئەمە راستییە، ئەمە راستییەکەیە، ئێمە شتیگن و رافینیامان لەدەست داوە، بەڵام نابێت ئەمانە بکەینە بیانوو، پێکانەکەی گاڤی وەکو ئەوە وابوو چەقۆیەک لە دڵی ئێمە بدەن’.
راهێنەرەکەی بارسێلۆنا دەشڵێت :’من هەرگیز نابمە کێشە بۆ بارسێلۆنا، ئەگەر بزانم یاریزانەکانم منیان ناوێت، ئەوا بەبێ دوودڵی دەست لەکار دەکێشمەوە و یانەکە بەجێدەهێڵم، بەڵام ئێمە هێشتا سێ نازناومان لە بەردەمدا ماوە، پێویستە لەپێناویان بجەنگین’.
چاڤی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا چەند جارێک پشتیوانی خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەکەیانی بۆ خۆی دووپاتکردەوە و رایگەیاند ‘زۆربەی کات لەگەڵ ئێمەیە و هەمیشە دێت و دەڕوات، بەڵام پشتیوانی تەواوی دەستەی راهێنەران و یاریزانان دەکات’.
سبەی پێنجشەممە بارسێلۆنا لە قۆناخی 16ـی جامی شای ئیسپانیا دەبێتە میوانی یونیۆنیستا سالامانکا.
𝐒𝐐𝐔𝐀𝐃 𝐋𝐈𝐒𝐓 🏆#UnionistasBarça pic.twitter.com/Ay9x9IUNJp
— FC Barcelona (@FCBarcelona) January 17, 2024