ئێمباپێ: رۆژێک دێت منیش هاوشێوەی مێسی و نێیمار پاریس سانجێرمان بەجێدەهێڵم
یاریگا –
ئێمباپێ لە نوێترین دیمانەیدا قسەی دڵی دەکات و دەڵێت ‘رۆژێک دێت منیش هاوشێوەی مێسی و نێیمار، ریزەکانی پاریس سانجێرمان بەجێدەهێڵم’.
کیلیان ئێمباپێ هێرشبەری پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لە دیمانەیەکی لەگەڵ گۆڤاری GQـی بەنێوبانگی جیهانی لەبارەی داهاتووی خۆی دەڵێت :’هاوینی رابردوو چەندان ئەستێرەی گەورەی تۆپی پێ ئەوروپایان بەجێهێشت، ئێستا ئێمە پێدەنێینە سەردەمێکی نوێ، رۆژێک دێت منیش هاوشێوەی مێسی و نێیمار ریزەکانی پاریس سانجێرمان بەجێدەهێڵم، ئەمە بەشێکە لە وەرزش، من تەنیا بیر لە بەردەوامیدان بە کاروانی وەرزشی خۆم دەکەمەوە بە شێوازی تایبەتی خۆم’.
لەو دیمانەیەی کە رۆژی 26ـی ئەم مانگە بڵاو دەبێتەوە و وێنەی ئێمباپێ لەسەر بەرگی ژمارەی مانگی فێبرایەری گۆڤارەکە دەبێت، ئێمباپێ لەبارەی زۆری ژمارەی یارییەکان دەڵێت :’خەریکە ئێمەش وەکو NBA لە هەر وەرزێکدا 70 یاریی ئەنجام دەدەین، من وەکو خوودی خۆم دژایەتی ئەوە ناکەم، بەڵام ناشتوانین لەو هەموو یارییە ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەین و هاندەران بینەران بەدیار یارییەکانەوە چێژ وەربگرن’.
هێرشبەرە فەرەنسییەکە لەبارەی بەشداریکردنی لە ئۆڵێمپی پاریس لە هاوینی داهاتوو دەڵێت :’من گەیشتوومەتە قۆناخێک نامەوێت چیدیکە فشار لەسەر خۆم دروست بکەم، بۆ هەر وەرزشوانێک بەشداریکردن لە ئۆڵمپیک شتێکی تایبەتە، لە تۆکیۆ دەمویست بەشداریی بکەم، چونکە دەمەوێت لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا هەموو شتێک بەدەست بهێنم و ناوی خۆم لە مێژووی هەڵبژاردەکە بنووسمەوە، ئەگەر رێگایان پێدام دەچم بەشداریی ئۆڵمپیک دەکەم، بەڵام ئەگەر رەزامەندیش نەدرا، تێدەگەم لە دۆخەکە’.
کیلیان لەبارەی دروستبوونی فشارەکان لەسەری، دەڵێت :’من هەمیشە گوتومە فشارەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەرم دروست ناکەن، بەڵکو من پێویستیم بە بوونی فشارە بۆ ئەوەی بتوانم هەمیشە لە لوتکەی ئاستی خۆم دابم’.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی، پاریس سانجێرمان ئۆفەرێکی بە مووچەی ساڵانەی 100 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی ئێمباپێ کردووە، بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە نوێ بکاتەوە، لەکاتێکدا هاوینی داهاتوو کیلیان گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس کۆتایی دێت و دەتوانێت بە گرێبەستێکی ئازاد رووبکاتە هەر یانەیەک.