رۆژنامەنووس و کاپتن و راهێنەری عێراق بۆ خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان دەنگیان بە کێ داوە؟
یاریگا –
رۆژنامەنووس و کاپتن و راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بۆ خەڵاتی زەبێست دەنگی یەکەمیان بۆ مێسی نەبووە و هالاند بژاردەی یەکەمی کاپتن و میدیاکارە عێراقییەکە بووە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ئەنجامی دەنگی کاپتن و راهێنەر و میدیاکارانی بۆ خەڵاتی باشترین یاریزانی 2023 بڵاوکردووەتەوە، هیچ یەکێک لە کاپتن و راهێنەر و میدیاکارە عێراقییەکە دەنگی یەکەمیان بە مێسی نەداوە.
خیسۆس کاساس راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بۆ خەڵاتی باشترین یاریزان دەنگی یەکەمی بە رۆدری ناوەڕاستکاری ئیسپانی مانچێستەر سیتی داوە، دەنگی دووەمی بۆ ئێرلینگ هالاند و دەنگی سێیەمیشی بۆ کێڤن دێ برۆین بووە، واتە هەر سێ دەنگەکەی کاساس بۆ یاریزانانی مانچێستەر سیتی بووە.
جەلال حەسەن گۆڵپارێز و کاپتنی هەڵبژاردەی عێراق، دەنگی یەکەمی بە ئێرلینگ هالاند داوە، دەنگی دووەمی بۆ کیلیان ئێمباپێ بووە و دەنگی سێیەمیشی بە لیۆنێل مێسی داوە، ئەرشەد ساعدی رۆژنامەنووسی عێراقی کە وەکو نوێنەری میدیاکارانی وەرزشی عێراق دەنگی داوە، دەنگی یەکەمی بە ئێرلینگ هالاند داوە، دەنگی دووەمی بۆ لیۆنێل مێسی و دەنگی سێیەمیشی بۆ کیلیان ئێمباپێ بووە.
لیۆنێل مێسی و ئێرلینگ هالاند هەردووکیان 48 خاڵیان کۆکردەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی مێسی لەلایەن زۆرترین دەنگدەرەوە بە پلەی یەکەم هەڵبژێردرابوو، خەڵاتی زە بێستی بردەوە.