مێسی یانەیەکی ئەمریکی ناچار دەکات یاریگاکەیان بگۆڕن
یاریگا –
کاریگەرییەکانی لیۆنێل مێسی لە خولی ئەمریکی تەنها لە فرۆشی درێس، بلیت و ئەنجامی یارییەکانەوە نەوەستاوە، بەڵکو ڕکابەرەکانیش ناچار دەکات یاریگاکەیان بگۆڕن.
یانەی سپۆرت کانساس سیتی ئەمریکی کە لە خولی ئەمریکی ناسراو بە MLS بەشدارە، لە ئێستاوە کەوتوونەتە خۆیان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەکەی ئینتەر میامی و بڕیاریان داوە یارییەکەیان بەرامبەر مێسی لە یاریگاکەیان (چڵدرنس مێرسی پارک) نەکەن، کە جێگەی تەنها 18 هەزار هاندەر دەگرێت، چونکە دڵنیان لەوەی بەهۆی هاتنی مێسییەوە توانای لەخۆگرتنی هاندەری زیاتریان نابێت و ئەوەش ڕووداوێکی پێشبینیکراوە لای بۆردی سەرپەرشتیارانی یانەکە.
بەرپرسانی یانەی سپۆرت کانساس بەنیازن بۆ میوانداریکردنی یارییەکەی ئینتەر مەیامی، یارییەکە بگوازنەوە یاریگای ئارۆوهێدی تایبەت بە تۆپی پێی ئەمریکی، کە ئەم یاریگایە جێگەی 76 هەزار هاندەر دەبێتەوە.
ئارۆوەهێد بەم دواییانە کۆنسێرتەکەی تایلەر سویفتی گۆرانیبێژی بەناوبانگی ئەمریکی تێدا بەڕێوە چوو. بۆیە توانای لە خۆگرتنی هاندەرانی گرفتی نابێت بۆ پێشوازی لە براوەی هەشت باڵۆندۆر و پاڵەوانی جیهان.