یاریگا –
ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری یانەی چێڵسی ئینگلیزی ئاشكرایكرد كریستۆفەر ئێنكوكو دووبارە تووشی پێكان بووەتەوە.
لە گواستنەوەكانی هاوینی ساڵی 2023 ئێنكوكو بە بەهای 60 ملیۆن یۆرۆ و بە گرێبەستێك تا ساڵی 2029 پەیوەندی بە ریزەكانی چێڵسیەوە كرد.
بەهۆی پێكانەوە هێرشبەرە فەڕەنسیەكە تەنیا چوار یاری لەگەڵ چێڵسی بەشداری كردووە و لە كۆی ئەو یارییانەش یەك یاری لە پێكهاتەی سەرەكی بووە، توانیویەتی گۆڵێك بكات.
Round the goalkeeper and onto the scoresheet! 👌#BluesInTheUSA pic.twitter.com/28nOMZWeGr
— Chelsea FC (@ChelseaFC) July 20, 2023
شەوی رابردوو چێڵسی لە یاریگای ستامفۆرد بریجی تایبەت بە خۆی میوانداری پریستن نۆرس ئێند كرد، و یارییەكەشی بە چوار گۆڵی بێ وەڵام لێ بردەوە، لە میانی یارییەكانی قۆناخی سێیەمی جامی یەكێتی ئینگلتەرا.
پێش ئەو یارییە پۆچێتینۆ لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی دەیڵی مەیڵ ئاشكرایكرد، بەهۆی پێكانەوە ئێنكوكو ناتوانێت لەو یارییەدا بەشداری بكات.
پۆچێتینۆ گوتی: ئێنكوكو بەشداری لە یارییەكەدا نەكرد چونكە لە دوایین مەشق و راهێنانەكان كێشەی هەبوو، پێوویستە چاوەڕوان بین و بزانین لە یارییەكانی داهاتوودا دەتوانێت بەشداری بكات.
بەو بردنەوەیە چێڵسی توانی خۆی بگەیەنێتە قۆناخی چوارەمی جامی یەكێتی ئینگلتەرا.