پێشهاتێکی نوێ؛ فلۆرێنتینۆ پێرێز هەنگاوێکی نوێ بۆ یەکلاکردنەوەی گرێبەستی ئێمباپێ دەنێت
یاریگا –
فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆ یەکلاکردنەوەی گرێبەستی ئێمباپێ هەنگاوێکی نوێ دەنێت و لەمەودوا خۆی گفتوگۆیەکانی واژۆکردنی گرێبەستەکەی ناکات.
رۆژنامەی دەیلی تەلەگرافی بەریتانی ئاشکرایکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریال مەدریسی ئیسپانی لەبەرئەوەی تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە فایزە عەماری دایکی کیلیان ئێمباپێ رازی بکات کوڕەکەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید واژۆ بکات، سەرۆکی یانە مەدریدییەکە کارتێکی دیکە بەکار دەهێنێت.
رۆژنامە بەریتانییەکە ئاشکرایکردووە، خۆسیێ ئانخێل سانچێز بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ریال مەدرید لەلایەن پێرێزەوە راسپێردراوە بۆ ئەوەی راستەوخۆ لە نزیکەوە سەرپەرشتی گفتوگۆیەکان بکات، چونکە سانچێز پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ دایکی ئێمباپێ هەیە، کە لە هەمان کاتدا فایزە عەماری بەڕێوەبەری کارەکانی کوڕەکەیەتی.
ریال مەدرید تاوەکو ناوەڕاستی ئەم مانگە مۆڵەتی بە ئێمباپێ داوە، بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی خۆی بدات، کە هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتایی دێت و پێشتریش بە نووسراوی فەرمی پاریسی ئاگادار کردووەتەوە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە نوێ ناکاتەوە.